پەرەگراف
كۆرۆنا تەنگی بە چەندین وڵات هەڵچنیوە لەسەر ئاستی دونیا، ئێران یەكەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو سێیەمە لە دونیادا كە كۆرۆنا زیانی زۆرترین قوربانیی مرۆیی لێداوە، ئەوە لەكاتێكدایە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە سەركەوتنی ڕاگەیاندووەو ڕۆژانە كەمترن تووشبووی نوێی هەیە.
لەسەر ئاستی دونیا لە دوای چین، ئیتاڵیا دووەم وڵاتە كە زۆرترین تووشبوو و مردووی هەیە بە كۆرۆناو پاشان ئێران دێت لە ڕیزبەندییەكەدا، دۆخی ئەو دوو وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت بەهۆی كۆرۆناوە، ئێران كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراقو كوردستانیش هەیە.
كۆرۆنا لە ئێران
لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 129 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 853 كەس، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو 53 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 14 ھەزارو 991 كەس، ھەروەھا تائێستا 4 ھەزارو 996 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.
ئامارەكان دەریدەخەن ئەمڕۆش ئێران لە ڕۆژی پێشووتر خراپتربووەو ڕێژەی مردن زیاتر بووە؛ دوێنێ 113 كەس بە كۆرۆنا مردن، بەڵام ئەمڕۆ بەرزبووەتەوە بۆ 129 كەس.
بەدەر لە دوێنێو ئەمڕۆ؛ لە 12ی مانگ ئێران ئاماری 24 كاتژمێری ڕاگەیاند بەوەی كە 75 كەس بە كۆرۆنا كردوون، بەڵام 13ی مانگ ئامارەكە بەرزبووەوەو مردنی 85 كەسی دیكە بەو ڤایرۆسە ڕاگەیەندراو لە 14ی مانگیش ژمارەی مردووان گەیشتە 97 كەس تەنها لە یەك ڕۆژدا.
وەك لە ئامارەكانەوە دەردەكەوێت، لە ماوەی 5 ڕۆژدا مردن لە ئێران بە كۆرۆنا نزیكەی لەسەدا 50 زیادی كردووە (لە 85 كەسەوە بۆ 129 كەس).
دۆخی ئێران كاریگەریی لەسەر عێراقو كوردستان هەیەو زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستانو عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان بە تیمە تەندروستییەكان نە ناساندووە تا كەرەنتینە بكرێن.
ئێران سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراقو هەرێمی كوردستان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، سلێمانی فروانترین سنوری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیەو ئەمڕۆش 3 كەسی دیكە وەك تووشبووی ڤایرۆسەكە دەستنیشان كرانو چاكبوونەوەی 5 تووشبوو ڕاگەیەندرا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەمڕۆ ڕایگەیاند، 3 تووشبووی نوێ لە سلێمانی دەستنیشان كران؛ منداڵێكی تەمەن 4 ساڵ لە ئێران گەڕاونەتەوە دانیشتوی (تەكیە). ئافرەتێكی تەمەن 27 ساڵ دانیشتووی سلێمانی. ئافرەتێكی تەمەن 45 ساڵ خزمێكی دیكەی توشبووەكەی پێشووە كە گیانی سپارد(مامۆستا ئاینییەكەی سلێمانی).
هاوكات د.سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: پێنج تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە و گەڕێندرانەوە بۆ ماڵی خۆیان.
هەرلە سلێمانی دوێنێش ٣ تووشبووی دیكەی كۆرۆنا چاكبوونەوەو نەخۆشخانەیان بەجێھێشت، هاوكات 6 تووشبووی نوێ تۆمار كران.
لەسەر ئاستی كوردستان تائێستا؛ 37 كەس تووشی كۆرۆنا بوونو 9 كەس چاكبوونەتەوەو یەك كەسیش گیانی لەدەستداوە.
لە عێراقیشدا تائێستا زیاتر لە 120 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوونو 26 تووشبووش چاكبوونەتەوەو 10 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هاوكات لەسەر ئاستی جیهان كۆرۆنا لە تەشەنەكردنی بەردەوامدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، مردن بە كۆرۆنا لە دونیادا 7 هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 179 هەزار كەسن، كە زۆرینەیان لە چینن، بەڵام ئێستا حاڵەتی نوێی تۆمار كراو لە چین زۆر كەم بووەتەوەو ئەو وڵاتە سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكەدا ڕاگەیاندووە.
تائێستا هیچ دەرمانێك وەك چارەسەر بۆ ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوەو هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا زەنگی مەترسییان لێداوەو دەڵێن ڤایرۆسەكە زۆر زیاتر تەشەنە دەكات، بەپێی دواین ئامارەكانیش تائێستا زیاتر لە 78 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆسەكە لەدونیادا چاكبوونەتەوە كە زۆربەیان گەنجانن.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.