پەرەگراف
تەندروستیی سلێمانی چاكبوونەوەی سێ تووشبووی كۆرۆنای ڕاگەیاند، هەر ئەمڕۆ تووشبوونی 6 كەسی نوێ لەو شارە بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا.
تەندروستی سلێمانی كەمێك لەمەوبەر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی سێ توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە سلێمانی لەسەنتەری كۆرۆنا چارەسەریان وەرگرت چاك بونەوە، ئەمڕۆ یەك شەمە 15-3-2020 گەڕانەوە ماڵەوەو ژیانی ئاسایی خۆیان.
بەر لەو ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، پێنج توشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانكرا.
وەزارەتەكە دەشڵێت، ئەو پێنج كەسە، برایەك و دوو منداڵی تووشبووەكەی ئەمڕۆن لەگەڵ خزمێك و خوشكێكی توشبووەكەی پێشوو كە گیانی سپارد(مامۆستا ئاینییەكەی بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا).
بەو 5 كەسەوە ئەمڕۆ 6 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار كراوە، دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی تووشبوونی پیاوێكی تەمەن 46 ساڵی بەو ڤایرۆسە ڕاگەیاند.
ئێستا ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتنە 34 كەس، كەسێكیش گیانی لەدەستداوەو چوار کەسیش بەتەواوەتی چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.
لە درێژەی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەولێرو سلێمانی بۆ ٣ ڕۆژی دیكە درێژ كردەوەو بڕیارەكە قەزاكانی ئەو دوو پارێزگایەش دەگرێتەوە.
زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستانو عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان بە تیمە تەندروستییەكان نە ناساندووە تا كەرەنتینە بكرێن.
پۆلیسی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هاووڵاتییەكیان دەستگیركردووەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی عەلی ناجیی تایبەت بە كۆرۆنایان كردووە، پۆلیس دەڵێت: ئەو كەسە 17-2-2020 لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و خۆی بە تیمە تەندروستییەكان نەناساندووە.
ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراقو هەرێمی كوردستان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، سلێمانی فروانترین سنوری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە.
دۆخی ئێران بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەردەوام لە خراپییدایەو ئەمڕۆ ڕێژەی مردن بەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە لە دوێنێ بەرزتر بوو.
كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ دواین ئاماری كۆرۆنای ڕایگەیاند، وتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 113 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 724 كەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو 209 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 13 ھەزارو 938 كەس، ھەروەھا تائێستا 4 ھەزارو 790 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.
ئامارەكان دەریدەخەن ئەمڕۆش ئێران لە ڕۆژی پێشووتر خراپتربووە لە ژمارەی مردن؛ دوێنێ ٩٧ كەس بە كۆرۆنا مردن بەڵام ئەمڕۆ بەرزبووەتەوە بۆ ١١٣ كەس، هەربەپێی ئامارەكان ڕۆژانی پێشووش بە هەمانشێوە بووەو ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ئێران بەرەو خراپتر چووەو ژمارەكانی تووشبوونو مردن بە كۆرۆنا بەرزتر بوونەتەوە.
هاوكات لەسەر ئاستی جیهان كۆرۆنا لە تەشەنەكردنی بەردەوامدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، مردن بە كۆرۆنا لە دونیادا 6 هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 158 هەزار كەسن، كە زۆرینەیان لە چینن، بەڵام ئێستا حاڵەتی نوێی تۆمار كراو لە چین زۆر كەم بووەتەوەو ئەو وڵاتە سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكەدا ڕاگەیاندووە.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.