پەرەگراف
تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات كە گومانیان هەیە سەدان كەس هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابنو ئێستا لەناو ماڵو شوێنە گشتییەكاندا بن لەناو شاری سلێمانی، هەربۆیە تەئكید دەكاتەوە خەڵك پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بنو لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بە پێچەوانەوە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.
ئەمڕۆ تۆماركردنی 7 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سلێمانی ڕاگەیەندرا، 6 كەسیان خزمی نزیكی ئەو مامۆستا ئاینییەن كە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستدا، كەسەكەی دیكەیان دوێنێ بە فڕۆكەیەكی قەتەریی گەڕاوەتەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. لە هەولێریش حاڵەتێكی نوێ ڕاگەیەندرا.
هێزەكانی ئاسایش لە سلێمانی بە شەقامو بازاڕەكاندا گەڕانو بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵك كرد دووكانەكانیان دابخەن و بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە لە پێناو تەندروستیی خۆیانو خێزانەكانیان.
تەندروستی سلێمانی داوا لەسەرجەم ئەوكەسانە دەكات كە بەشداریی پرسی مامۆستا ئاینییەكەیان كردووە سەردانیان بكەن وەك گومانلێكراوی تووشبوو بە كۆرۆنا تا پشكنینیان بۆ بكرێت، هەروەها سەرجەم ئەو 84 سەرنشینەی دوێنێ بەو فڕۆكەیە گەڕاونەتەوە كە تووشبووی كۆرۆنای تێدا بووە، بۆ هەمان مەبەست پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی تەندروستییەوە بكەن تا تیمی پزیشكی بچێتەلایانو نموونەی خوێنیان وەربگرێت بۆ پشكنین.
د.سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: گومان دەكەن دەیان و سەدان كەس لە ناو خەڵك و ماڵەكاندابن و ھەڵگری ڤایرۆسەكەبن، "چونكە ژمارەی نوێمان ھەیە خەڵكێكن كەرەنتینە نەكراون و لەناو خەڵكدا بوون و ھەڵگری ڤایرۆسەكەن".
د.سەباح وتیشی "دۆخەكە بەرەو خراپی دەڕوات، تا ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایەو ئەگەر خەڵك ھاوكار نەبێت لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت".
لە سلێمانی ڕێوشوێنەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تادێت تووندتر دەكرێت، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا 10 بڕیاری نوێی دەركرد.
لە نێویاندا؛ ڕاگرتنی هاتووچۆ لەنێوان قەزاو شارو شارۆچكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە سەعات ١٢ی ئەمشەوەوە تا 28-3، ڕاگرتنی هەموو هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی (پاس و مینی پاس)ی ناوشارو دەرەوەی شارەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانیداو ڕێ بە هاتنی هیچ گواستنەوەیەكی گشتی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ سلێمانی نادرێت.
هەروەها داخستنی هەموو كافتریاو چایخانەو ئەو شوێنانەی خەڵك تیایاندا كۆدەبێتەوە تا كاتێكی نادیار، لە بڕیارێكی دیكەدا هاتووە: پێویستە هاووڵاتیان لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوەو بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوەو وەزارەتی ناوخۆ لە نزیكترین كاتدا هاتووچۆ لە سەنتەری شارەكانی سلێمانی و هەولێردا قەدەغە دەكات و پێویستە هەموولایەك پابەندبن پێیەوە.
لە هەرێمی كوردستان تائێستا 27 حاڵەتی تووشبوون، یەك مردنو یەك چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە، زۆربەی ئەوانەی تووشبوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە.
ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراقو هەرێمی كوردستان هەیەو پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق فراوانترین سنووری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە.
ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات
ئێران وەك ڕۆژانی ڕابردوو، ئەمڕۆی خراپتر بوو لە دوێنێ لە ژمارەی تووشبوونو مردن بە كۆرۆنا.
كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ دواین ئاماری كۆرۆنای ڕایگەیاند، وتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 85 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 514 كەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو 289 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 11 ھەزارو 364 كەس، ھەروەھا تائێستا 3 ھەزارو 529 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.
ئێران دوێنێ، 75 حاڵەتی مردنو هەزارو 75 تووشبوونی نوێی هەبوو. هەریەكە لە ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرۆككۆماری ئێرانو دوو وەزیرو چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی دیكەی باڵا لەناو تووشبووەكاندانو چەند بەرپرسێكیش بە ڤایرۆسەكە مردوون.
لەسەر ئاستی جیهان مردن بە كۆرۆنا 5 هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 136 هەزار كەسن، كە زۆرینەیان لە چینن، بەڵام ئێستا حاڵەتی نوێی تۆمار كراو لە چین زۆر كەم بووەتەوەو ئەو وڵاتە سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكەدا ڕاگەیاندووە.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.