ناسنامەی كۆچبەرانی بەلەمە نوقمبووەكەی كەناڵی ئینگلیز ئاشكرا كرا؛ زۆرینەیان خەڵكی هەرێمن
پەرەگراف
لە كۆی ١٨ سامپڵی وەرگیراو لە كەسوكاری كۆچبەرە بێسەروشوێنەكانی نۆكەندی ئینگلیز، ناسنامەی ١٧یان یەكلاكراوەتەوە كە سەرنشینی بەلەمە نقومبووەكە بوون و كوردن، یەكێكیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئەوانی دیكە خەڵكی هەرێمی كوردستانن.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "نوێنەرمان لە فەڕەنسایە و چاوەڕوانی وەرگرتنی زانیاریی فەرمییە، بەڵام بەشێوەی زارەكی پێمان ڕاگەیەندراوە لە كۆی ئەو ١٨ سامپڵەی كە لە كەسوكاری كۆچبەرەكان وەرگیراوە، ١٧یان یەكلاكراوەتەوە كە لەگەڵ تەرمەكاندا هاوتایە".
ئاری جەلال وتیشی "چاوەڕوانی ئیمەیڵی فەرمیی حكومەتی فەڕەنساین بۆ ئەوەی ئەنجامی كۆتاییمان پێ بدرێت و ئەو چەند سامپڵەی ماوە یەكلا بكرێتەوە، دواتر دەست بە ڕێكارەكانی هێنانەوەی تەرمەكان دەكەین".
بەپێی لێدوانی سەرۆكی دەزگای بۆ پەرەگراف، زۆربەی ئەو سامپڵانەی یەكلاكراونەتەوە، خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانین، بۆیە دەڵێت "هەوڵ دەدەین تەرمەكان بهێنینەوە فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام ئەگەر بۆ فڕۆكەخانەكانی دیكەش بێت، ئێمە ڕێكاری پێویست دەگرینە بەر".
ڕزگار حسێن، كە هاووڵاتییەكی شارۆچكەی دەربەندیخانە و هاوسەر و سێ منداڵی چارەنووسیان نادیارە، بۆ پەرەگراف وتی "بەشێوەی نافەرمی پێیان ڕاگەیاندووین كە منداڵەكانمان سەرنشینی بەلەمە نقومبووەكە بوون، بەڵام تا ئێستا بەشێوەی فەرمی و بە تەلەفۆن ئاگادار نەكراوینەتەوە".
ڕزگار حسێن دەشڵێت "چاوەڕوانی دەزگای لووتكەین بۆ یەكلاكردنەوەی ناسینەوەی ئەو تەرمانەی دۆزراوەتەوە".
* تراژیدیای نۆكەندی ئینگلیز؛ خوێناویترین چیرۆكی كۆچبەران
* ڕێگەی هات و نەهات؛ قەیرانەكانی هەرێم هاووڵاتییان سەرگەردانی ڕێگای كۆچ دەكەن
سەرۆكی دەزگای لوتكە دەڵێت "لە 11 مانگی ئەمساڵدا نزیكە 50 كۆچبەری باشووری كوردستان گیانیان لەدەست داوە".
پێشتر دەزگای لوتكە و پزیشكی داد لە وڵاتی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا وتیان "لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی (چووپ) لە ڕێكەوتی ٢٤-١١-٢٠٢١ لە كەناڵی ئاویی ئینگلیزدا، ٢٧ كۆچبەر تەرمیان لەلایەن هێزی دەریاوانیی فەرەنسییەوە دۆزراوەتەوە. بۆ ناسینەوەی تەرمەكان، تا ئێستا پزیشكی دادی لیل سامپڵی لە كەسوكاری كۆچبەرێك و دەزگای لووتكەیش لە سلێمانی سامپڵی لە كەسوكاری ١٨ كۆچبەر وەرگرتووە كە كەسوكاری یەك كۆچبەریان كوردی ئێرانە".



لیستی ناوی ئەو كۆچبەرە بێسەروشوێنانەی كە سامپڵ لە كەسوكاریان وەرگیراوە