پەرەگراف
حیزبی دیموكراتی كوردستان دەستگیركردن و ڕادەستكردنی دوو كەسی بە دادگا ڕاگەیاند كە وەكوو پێشمەرگەی حیزبەكە كاریان كردووە، بەڵام "سیخوڕ"ی ئێران بوون و لە ڕووداوی مووشەكبارانكردنی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتدا زانیارییان بە ئێران داوە.
حیزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەو دوو كەسە "سیخوڕییان بۆ كۆماری ئیسلامی كردووە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی لە سنەوە ئەركی سیخوڕی، تیرۆر و كاری تێكدەرییان لە ڕیزەكانی حیزبدا پێ سپێردراوە، كە چاوساغی و پێدانی زانیاری بۆ مووشەكبارانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دیموكرات، یەك لەو تاوانە گەورە و جینایەتە خایینانەیە بووە".
ڕۆژی ٨-٩-٢٠١٨ ئێران بە ژمارەیەك مووشەك، كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی لە قەڵای دیموكرات لە كۆیە كردە ئامانج و تێیدا ١٦ پێشمەرگە كە شەش كەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزبەكە بوون، گیانیان لەدەست دا و دەیان كەسیش بریندار بوون.
حیزبی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، هەرچەندە "كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕەسمی بەرپرسایەتیی ئەو تاوان و جینایەتە جەنگییەی لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێڕاقدا گرتە ئەستۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكرات ئۆڕگانە بەرپرسیارەكانی خۆی ئەركدار كرد تا بە وردی بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی سەرگرتنی ئەم پیلانە بكەن".
"ئەوە بوو كە كۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان پاش ماوەیەك توانیی دوو كەس لە مۆرە بەكرێگیراوەكانی كۆماری ئیسلامی كە توانیبوویان خۆیان بخزێننە نێو ڕیزی پێشمەرگەكانی حیزب، دەسبەسەر بكات".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی حیزبی دیموكراتی كوردستان، هەریەك لە "كەیوان (سۆران) فەیزی و فەراز سەڵەواتی كە خەڵكی سنەن، دوای دەسبەسەركران و لە ڕەوتی لێپرسینەوە و بەدواداچووندا، دانیان بەوەدا ناوە كە سیخوڕییان بۆ كۆماری ئیسلامی كردووە".
ئەو دوو كەسە لەلایەن حیزبی دیموكراتەوە "بۆ بڕیارلەسەردانی كۆتایی" ڕادەستی دەزگای دادوەریی هەرێمی كوردستان كراون و دەڵێت "حیزبی دیموكراتی كوردستان دەخوازێ ئەم تاوانبارانە لە مەحكەمەیەكی دانپێدانراوی قانوونیدا، دادگایی بكرێن و بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكان سزای شیاوی كردەوەكانیان وەربگرن".