وردەكاریی دزرانی 47 لاپتۆپ لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر

14-12-2021 01:42

پەرەگراف

دوو كارگوزار لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر، لە ماوەی مانگ‌و نیوێكدا 47 لاپتۆپیان دزیوەو لە بازاڕ بە نرخێكی هەرزان فرۆشتوویانەتەوە، بەوتەی پۆلیسی هەولێر.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو دوو كارگوزارەی دزییەكەیان كردووە بە ڕەگەز كوردن‌و دەستگیركراون، ئەو كەسەش دەستگیركراوە كە لە بازاڕدا لاپتۆپەكانی ساخكردووەتەوەو فرۆشتوونی.

سەرەتا هەشت لاپتۆپ لە 20-9-2021 لە كۆگای بارەگاكەی نەتەوەیەكگرتووەكان دزراون، پاشان تا 14-11، 39 لاپتۆپی دیكە دزراون‌و بەوەش ژمارەكە گەیشتووەتە 47 لاپتۆپ.

"لە ڕێگای كامێراكانی چاودێریی‌و لەلایەن تیمەكانمانەوە توانیمان ئەوە ئاشكرا بكەین كە ئەو كارگوزارانە لاپتۆپەكان دەخەنە ناو حاویەی زبڵەوەو لەوڕێیەوە بردوویانەتە دەرەوەی بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان" وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وای وت.

هۆگر عەزیز، وتیشی "بە وتەی بەرپرسانی بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان هەر لاپتۆپێك بە زیاتر لە 1700 دۆلار كڕدراوە، بەڵام ئەوان هەر لاپتۆپێكیان لە بازاڕدا بە 250 دۆلار فرۆشتووە".

تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان‌و ئەو كەسەیشی لاپتۆپەكانی لە بازاڕ ساخكردووەتەوە بەندن لای پۆلیس ‌و دەدرێن بە دادگا.