حەوت ڕۆژە عێراق بەنزینی نەناردووە؛ سامانە سروشتییەكان هۆشداری دەربارەی قەیرانێكی قووڵ دەدات

13-12-2021 07:29

پەرەگراف

سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای كڕینی سووتەمەنی لە حكومەتی عێراق، ڕایدەگەیەنێت كە "لەم مانگەدا حەوت ڕۆژی لەسەر یەك حكومەتی عێراق هیچ بڕە بەنزینێكی بۆ هەرێم نەناردووە و سەرەتای قەیرانێكی قووڵ دەركەوتووە". سەبارەت بە نەوتی سپییش دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی ڕێككەوتن كراوە و پێشەكیش پارەكە دابین كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق یەك لیتر نەتی سپیی بۆ هەرێم نەناردووە".

فەتاح ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە هاوكات سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای كڕینی سووتەمەنییە لە حكومەتی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بەپێی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق، دەبوو ڕۆژانە بڕی ملیۆنێك و 80 هەزار لیتر بەنزین هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام هەندێك و نیوەی ئەو بڕە نێردراوە و زۆر جاریش هیچ نەهاتووە".

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان باس لەوە دەكات كە كە "حكومەتی عێراق پابەندی ئەو بڕیار و ڕێككەوتنە نەبووە كە خۆیان دەریان كردووە، بۆ نموونە: لە 1-10-2021 تاوەكو 23-10-2021 یەك لیتر بەنزینیان بۆ نەناردووین، لەگەڵ ئەوەی كە ئێمە پارەی پێویستمان بۆ خستبوونە سەر هەژماری بانكی و كۆمپانیاكانی گواستنەوەش لە ئامادەباشی تەواودا بوون".

فەتاح ڕەحمان بە ئاماژەدان بەوەی كە ئەو بەنزینەی ئێستا هەیە، هی ناوخۆیە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرهەمی دەهێنێت، هۆشداری دەدات كە "سەرەتای قەیرانێكی قووڵی بەنزین لە سلێمانی و دهۆك دەركەوتووە و دەگاتە هەولێریش"، بۆیە "هەرچی زووتر ئەو بەنزینە بنێردرێتەوە چارەسەری كێشەیەكی گەورەمان بۆ دەكات".

سەبارەت بە نەوتی سپی بۆ ماڵانیش، سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای كڕینی سووتەمەنی باس لەوە دەكات كە وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕێكەوتنی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق كردبوو بۆ ناردنی نەوتی سپی بە نرخی بازرگانی كە بۆ هەر لیترێك 400 دینارە، لە كاتێكدا "پێویست هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە لیتری بە 150 دینار بوایە".

"ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق 61.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی بۆ هەرێمی كوردستان نارد بە نرخی 150 دینار بۆ هەر لیترێك، ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی ڕێككەوتنیش كراوە و پێشەكیش پارەكە دابین كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق یەك لیتر نەوتی سپیی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە"، سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای كڕینی سووتەمەنی وا دەڵێت.