هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی سەركردەیەكی داعشی لە نزیكی هەڵەبجە ڕاگەیاند

13-12-2021 03:02
دیمەنێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئاسایش.

پەرەگراف

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەستگیركردنی سەركردەیەكی داعشی لە نزیكی هەڵەبجە ڕاگەیاند. بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییەش پاش ئەوە دێت كە ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی ژمارەیەك لە "ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش"ی لە چەند ئۆپەراسیۆنێكدا ڕاگەیاندووە.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتێكدا دەڵێت "هێزە ئەمنییە كوردییەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا سەركردەیەكی داعشیان لە نزیكى هەڵەبجە دەستگیر كرد".

هاوپەیمانییەكە هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكە و ناسنامەی سەركردە دەستگیركراوەكەی داعش ئاشكرا نەكردووە، بەڵام دەڵێت "ئۆپەراسیۆنەكە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە بە ئامانجی ڕێگری لە گواستنەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکە".

ئەمە لە كاتێددایە پێشتر لە ڕۆژی 9-12-2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە "لە ھەڵمەتێكی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێكی جیاجیادا، ژمارەیەك لە ئەندامانی تاقم و گرووپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچكەكانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێكی شارەزوور دەستگیر كران".

ئاسایش دەڵێت، ئەو كەسانە "مەرامیان بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی ھەرێم تێك بدەن".

ئۆپەراسیۆنەكان لە ڕۆژی چوارشەمە 8-12-2021 لەلایەن "بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، بە هاوكاریی هێزەكانی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور" ئەنجام دراون.

هەروەها "دەست بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیشدا گیراوە كە پیلانیان دانابوو لە كردەوە تیرۆریستییەكانیاندا بەكاری بهێنن".

"لێرەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە، لەبەر سەلامەتیی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی دۆسیەكە، زانیارییەكانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەكی نزیكدا بە بەڵگە و دۆكۆمێنتی دروست، زانیاریی زیاتر لەبارەی شكستپێھێنانی تێكدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ ڕایگشتی بڵاو دەكەینەوە"، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.