وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لابردنی ئەو بابەتەی پۆلی ١٠ی دا كە كاردانەوەی لێ كەوتووەتەوە

12-12-2021 01:12

پەرەگراف

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لابردنی ئەو بابەتەی دا كە لە كتێبی زمان و ئەدەبی پۆلی ١٠ی ئامادەیی بووە بە جێگەی ڕەخنە و كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوادا هاتووە.

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بۆ ئەمساڵی خوێندن لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەو دەستەواژەیە لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و لە پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی ناخوێندرێت، بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی كتێبەكە بوونی نابێت و فەرمانی وەزاریش تایبەت بەم بابەتە دەردەچوێندرێت".

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بابەتێكی ناو كتێبی زمان و ئەدەبی كوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی كە چیرۆكێكی تایبەت بە ئایینی ئێزیدییەكانە و تێیدا ڕستەی "حاشا دەكەم لە دینی محەمەد" هەیە، بووە جێگەی ڕەخنە و كاردانەوەی توند.

دوێنێش لە ڕوونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند كە "ئەم بابەتە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ (١٤) ساڵ لەمەوبەر كە لەناو ئەو كتێبەدا هاتووە، لەم هەموو ساڵەش كەس ئاماژەی پێ نەداوە".

وەزارەتی پەروەردە جەخت دەكاتەوە "لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەكانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەكی زانستی و پلەبەندی دەكرێن، وەزارەت زیاتر لە (١٣٠٠) ناونیشانی كتێبی خوێندنی هەیە كە كاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەكان".

"ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ڕێز لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێكهاتەكان دەگرین و كاری جیددیی بۆ دەكەین، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار ئەو بابەتانە بە مەبەستی سیاسی و بەئامانجگرتن لە كاتێكی دیاریكراودا دەوروژێندرێن"، وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە هەموو كەس و لایەنێك پارێزگاری لە پیرۆزییەكانی ئایینی دەكات و ڕێگە بە بێڕێزیكردن بە هیچ ئایین و ئایینزایەك نادات، ئەو هەڵانەی كە هەبوون بەردەوام خەریكین چارەسەریان بكەین".