ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە سوورە لەسەرئەوەی باڵەخانە ١٨ ملیۆن دۆلارییەکە 'مەسرور بارزانی کڕیویەتی'
پەرەگراف
ئەو ڕۆژنامەنووسەی كە ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی سەبارەت بە "كڕینی باڵەخانەیەك بە بەهای زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار لەلایەن مەسرور بازانی"یەوە بڵاو كردەوە، سوورە لەسەر ئەو بابەتەو دەڵێت "مەسرور بارزانی باڵەخانەیەکی بە ١٨ ملیۆن دۆلار کڕیوەو کۆمپانیای دیکەیشی بە نھێنیی ھەیە لە ئەمریکا".
ڕۆژنامەنووس زاك كۆپڵین لە بەرنامەی تاوتوێی كەناڵی ئێن ئاڕ تی وتی "بەڵگەنامەکان ھەن و ھەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بەدواداچوونی بۆبکات، بەڵگەکان دەریدەخەن کۆمپانیایەک کڕیویەتی ناو و واژۆی خودی مەسرور بارزانی لەسەرە"، زاک وتیشی "زۆر قورسە ئەمەبشاردرێتەوە لەبەرئەوەی بەڵگەنامەی فەرمیی حکومەتی ئەمەریکا ھەیە لەبارەیەوە. ئەمریکا وەک وڵاتی دیکە نییە بەدوای بەڵگەنامەدا بگەڕێیتو دەستت نەکەوێت".
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە پرسیاری ئەوەش دەکات "مەسرور بارزانی ئەو پارەیەی لەکوێ بووە؟ بۆ دەیشارێتەوەو کۆمپانیای نھێنیی ھەیە".
زاك كۆپڵینی ڕۆژنامەنووسی ئەمریكی، ڕۆژی 7-12-2021 ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی لەژێر ناوی "دەرمانخانەی شەقاوەچی، شوێنپێگرتنی گەندەڵچییەك لە عێراقەوە بۆ دێلاوێر و دواتر بۆ میامی"، لە گۆڤاری ئەمریكان پرۆسپێكت بڵاو كردەوە، كە تێیدا وردەكاریی بەدواداچوونێكی دەربارەی كڕینی باڵەخانەیەك لەلایەن مەسرور بازرانییەوە لە ئەمریكا خستووەتە ڕوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، خاوەنی باڵەخانەیەكە لە شاری میامیی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا بە "بەهای 18 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار". ئەمەش هەر زوو لە میدیای كوردی بڵاو كرایەوە و كاردانەوەی فراوانی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەدوادا هات.
پاش چەند ڕۆژێك، نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا وتی "چەند ڕۆژێكە هەندێك سایت و پەیجی سۆشیال میدیا، بابەتی كەسێكی ئەمەریكی بڵاو دەكەنەوە، كە ڕاپۆرتێكی بێ بنەمایە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
نووسینگەی مەسرور بارزانی، ڕاپۆرتەكەی بە "بابەتێكی هەڵبەستراو و دوور لە ڕاستی" ناو بردووە دەڵێت "نووسەری ڕاپۆرتەكە بۆهەڵبەستنی درۆیەكانی پشتی بە كۆنتراكتێك بەستووە كە گوایە واژووی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەم واژووە هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆكی حكومەتەوە نییە".
لە ڕاگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا هاتووە "دوای بەدواداچوونمان، دەركەوت نووسەری ڕاپۆرتەكە، پەیوەندیی لەگەڵ خێزانی پەرلەمانتارێكی كوردی پێشووی عێراق هەیە، كە هاووڵاتیی ئەمەریكییە و بە هەڵوێستەكانی دژ بە خەڵكی كوردستان ناسراوە وبەهۆی كردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لەلایەن خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا كرا".
تۆمەتباركردنی هاوسەری پەرلەمانتارێكی پێشووی كورد لەلایەن نووسینگەی مەسرور بارزانییەوە بەوەی كە "پەیوەندیی لەگەڵ نووسەری ڕاپۆرتەكە هەیە"، كاردانەوەی توند و فراوانی نووسەر، پەرلەمانتار و چالاكانی بەدوادا هات. ئەو كەسەش شنیار ئەنوەر، هاوسەری سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری پێشووی عێراق.
لە نوێترین كاردانەوەیشدا دایكی ئەو كچە كە (مەعسومە شەهید جەلیل)ـە، لە پەیامێكدا بۆ مەسرور بارزانی دەڵێت "هەرگیز وەكوو كچەشەهیدێك بەخەیاڵیشمدا نەدەهات ڕۆژێك لەخەو هەڵسم ببینم سەرۆكی حوكمەتی هەرێم، ئەو حوكمەتەی بە خوێنی باوكی من و هەزاران شەهیدی تر هاتووەتە بەرهەم، دەسەڵاتی خۆی بەكار بهێنێت بۆ دروستكردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ كچەكەم، كە كچەكەم تەنها تاوانی ئەوەیە حەق دەڵێت".
دایكی شنیار ئەنوەر باس لەوە دەكات باوكی یەكێك لە سەركردەكانی شۆڕشی ئەیلول و مەفرەزە پارتیزانییەكان و دۆستی نزیكی مام جەلالو ئیبراهیم ئەحمەد و خودی مستەفا بارزانییش بووە و دەڵێت "وەكوو كچە شەهیدێك داوا لە مەسرور بارزانی دەكەم كە بەفەرمی داوای لێبوردن لە كچەكەم بكات، كە نەوەی شەهیدە، پاشان داوای لێبوردن لە هەموو خەڵكی كوردستان بكات، چونكە ئەو هێرشە بۆ سەر شنیار نییەبە تەنیا، بەڵكوو هەڕەشەیە بۆ سەرجەم ژنان و هەر تاكێك بیەوێت بە ئازادی بژی".
پێشتریش سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لەگەڵ شنیار ئەنوەری هاوسەری ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە و تێیداڕایانگەیاند كە "سەرۆكی حكومەت بۆ بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی، تۆمەتی ئەخلاقی دەخاتە پاڵ ئێمە (شنیار ئەنوەر)، كە ئەوە بۆخۆی تاوانە وتیرۆری كاراكتەرە و هیچی لە تیرۆری جەستەیی كەمتر نیە، بەتایبەت لە كۆمەلەی كوردستان ئەم جۆرە تۆمەتانە ژیانی كەسەكان دەخاتە مەترسییەوە".
"ئێمە سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو بەیانامە شەرمهێنەرەی سەرۆكی حكومەت، داوا لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی و ڕێكخراوەكانی بواری ژنان و ئازادیی ڕادەربڕین دەكەین كە هەڵوێستی توندیان هەبێت و فشاری جدی بكەن، دەبێت سەرۆكی حكومەت بە فەرمی داوای لێبوردن بكات و ئامادەییش دەرببڕێت"، لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە.
ئەوان دەشڵێن لە "لەگەڵ پارێزەراكانمان لە گفتوگۆداین بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی سەرۆكی حكومەت".
"تەنها چەند مەترێكی كەم لە دووریی دەریا و لە ناوجەرگەی گەڕەكی ساوس-بیچ لە شاری میامی، دەرمانخانەیەك هەیە، بەڵام لەوانی ترناچێت. گەشتیاران لە شەقامی واشینگتۆن خەریكی كڕینی كرێمی بەرخۆر و كڵاوی بەرخۆرن لە دەرمانخانەیەكی كۆمپانیای CVS وبێئاگان لەوەی كە خەریكی دەوڵەمەندكردنی گەندەڵچییەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن"، ئەم پەرەگرافە سەرەتای ڕاپۆرتەكەی زاك كۆپڵینی ڕۆژنامەنووسی ئەمریكییە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت "باڵەخانەكە دەرمانخانەیەك لەخۆ دەگرێت كە ڕووبەرەكەی نزیكەی 12 هەزار پێ چوارگۆشەیە و نرخەكەشی بە 18.3 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و دەكرێت قازانجێكی بەرچاو بۆ خاوەن موڵكەكە دەستەبەر بكات، چونكە لەسەر كرێی دڵخواز گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیای سی ڤی ئس كراوە".
لە باسی وردەكاریی بەدواداچوونی كڕینی ئەو باڵەخانەیەدا، ڕۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە باسی لەوە كردووە كە "بەپێی تۆماری موڵكیی میامی لە 2019دا، دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەكان هەواڵی كرینی باڵەخانەكەیان لەلایەن كۆمپانیای خانووبەرەوە بەناوی KLNB بڵاوكردووەتەوە"، بەڵام زاك كۆپڵین لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت "هێنانە كایەی ناوی ئەو كۆمپانیایەی ڤیرجینیا لە تۆماری ئەو موڵكە، بۆ چاوبەستن بووە. نوێنەرێكی كۆمپانیاكە دەڵێت: KLNB خاوەنی ئەو موڵكە نییە هیچ ڕۆڵێكی نەبووە لە مامەڵەكەشدا".
بەپێی ڕاپۆرتەكەی زاك كۆپڵین "لەڕاستیدا باڵەخانەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمی لە ویلایەتی دێلاوێر كڕدراوە. ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی باڵەخانەكە مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە ناوی بووە بە ژێر دۆكیومێتەكانی لقی فلۆریدای كۆمپانیا وەهیمییەكەی دێلاوێر".