ڕاپۆرتێكی پەرەگراف خەڵاتی دووەم لە پێشبڕكێیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەباتەوە

10-12-2021 07:38

پەرەگراف

لە پێشبڕكێیەكی ڕادیۆی دەنگ بۆ باشترین ڕاپۆرتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێكی پەرەگراف خەڵاتی دووەمی لەناو چەندین ڕاپۆرتی دیكەی ڕۆژنامەوانیدا بەدەست هێنا.

ڕاپۆرتی (دۆسیە هەستیارەكە؛ چیرۆكی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان لە هەرێمی كوردستان) لە پەرەگراف، كە غەمگین محەمەد ئامادەی كردووە، لە پێشبڕكێكەدا خەڵاتی دووەمی بردەوە.

ڕاپۆرتەكە چیرۆكی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان دەگێڕێتەوە و ڕەهەندە دەروونی و یاساییەكانی ڕوون دەكاتەوە.

پێشبڕكێكە تایبەت بوو بە باشترین ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2021ـدا، دوای هەڵسەنگاندنی دەیان بابەتی پێشكەشكراو لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 10-12-2021، لە مەراسیمێكدا لە قەزای كەلار، براوەكانی یەكەم، دووەم ‌و سێیەم خەڵات كران.

مەراسیمەكە سێ بڕگە بوو؛ لە بەشی یەكەمدا پانێڵ لەسەر مافەكانی مرۆڤ بەڕێوەچوو، دواتر چالاكییەكی هونەری و پاشان ناوی براوەكانی پێشبڕكێیەكە ئاشكرا كران.

دوو ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (كەركووك ناو) بە هاوبەشی خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێكەیان بردەوە. ڕاپۆرتی یەكەم بە ناونیشانی (تۆماس لە دۆزەخی داعش دەگەڕێتەوە... بە نۆ ساڵی دەیڕفێنن، چەكداری دەكەن و لە تەنگانەدا پشتی تێدەكەن) لە ئامادەكردنی كاروان حاجی و ڕاپۆرتی دووەم بە ناونیشانی (یاسای ژمارە 21؛ مۆتەكەی سەر ئازادی ڕۆژنامەوانی... دژی كورد بەكاردەهات و ئێستا كورد دژی خۆی پیادەی دەكات) لە ئامادەكردنی فەرمان سادق بوو.

هەر لەو پێشبڕكێیەدا خەڵاتی سێیەم بە شەهێن وەهاب بەخشرا بۆ ڕاپۆرتێك لەسەر ژیانی خێزانێكی كەمدەرامەت لە تۆڕی میدیایی ئێستا.

ڕۆژنامەنووسە براوەکانی پێشبڕکێکە

پێشبڕكێی ڕۆژنامەوانیی مافەكانی مرۆڤ‌، شەش ساڵە بەردەوامە و لەمساڵدا 25 ڕۆژنامەنووس لە میدیا جیاوازەكانەوە بە 25 بابەتی ڕۆژنامەوانیی نووسین و ڤیدیۆیی و مەڵتی میدیا بەشدار بوون، لە ڕێی لیژنەیەكی سێ كەسییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕاپۆرتەكان كرا و براوەكان دیاری كران.

لەنێو ڕۆژمەنووسە بەشداربووەكاندا، نۆ خانم هەبوون و لە كۆی بابەتە پێشكەشكراوەكانیش 10یان ڕاپۆرتی نووسراو، 13ـیان راپۆرتی ڤیدیۆیی و دوو بابەتیان مەڵتی میدیا بووە.

پیشبڕكێیەكە لەلایەن ڕادیۆی دەنگ كە ڕادیۆیەكی سەربەخۆیە لە شاری كەلار، بە پاڵپشتیی سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیی دیموكراسی NED ڕێكخرابوو، كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە و ساڵی 1983 دامەزراوە، ئامانجی سەرەكیی گەشەپێدانی دیموكراسییە لە سەرتاسەری جیهاندا.

پەرەگراف ماڵپەڕێكی كوردیی ئازاد‌و سەربەخۆیە، لە میانی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئەخلاقی‌و پیشەییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی دەكات (هاوسەنگی، وردبینی و بەویژدانی).

پەرەگراف ڕووماڵی پرسەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكات‌و گرنگیی بە ڕاپۆرتی بنكۆڵكاریی‌و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانیی دەدات وەك ژانرێكی گرنگی ڕاگەیاندن لە بوارە سیاسی، ئابوری، ژینگەیی‌و كۆمەڵایەتییەكان.

پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" ئێستا لە پێنجهەمین ساڵی كاركردنیدایە، بۆ دووەمجارە سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و بۆ ساڵی 2021-2022 لەلایەن (سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی NED) پاڵپشتی دارایی دەكرێت بە بڕی 45 هەزار دۆلار، ئەو سندوقە لەژێر دروشمی "پاڵپشتیی ئازادی لەسەرتاسەری جیهاندا" لە 100 وڵات كار دەكات.

سەربەخۆیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە هۆكاری سەرەكیی متمانە پێكردنییەتی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بە پارەی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەكەی دامەزراوە كاتێك لە ساڵی 2017دا ئۆتۆمبێلێكی خۆی فرۆشتووە بۆ دامەزراندنی ماڵپەڕەكە، پاشان سەرچاوەی داهاتی پەرەگراف ڕیكلامی كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و پاڵپشتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بووەو بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت.

ئەوە دووەمجارە پەرەگراف سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌، ساڵی 2018 تۆڕی نێودەوڵەتی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە، پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ بە بڕی 24 هەزار دۆلار.

هاوكات لەگەڵ بەدواداچوون‌و كارە ڕۆژنامەوانییەكانیدا، پەرەگراف كاردەكات بۆ باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانی‌ و بەرزكردنەوەی ئاست‌و توانای ڕۆژنامەنووسان، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی 2020 خولێكی چڕی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی كردەوە بۆ 12 ڕۆژنامەنووس كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوون، خولەكە ماوەی 3 مانگی خایاند بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.

بەشی كوردیی پەرەگراف لە مانگی 1ی 2017 دەستی بەكار كرد، لە مانگی 11ی 2018 بەشی ئینگلیزیی كردەوەو بابەتەكانی بە كوالێتییەكی بەرز دەخاتەبەردەم خوێنەرانی ئینگلیزیی زمان.