نۆكاو و شێلم، خواردنی دڵخوازی عێراقییەكان لە زستاندا؛ سوودە تەندروستییەکانیان چییە؟
پەرەگراف
نۆكاو و شێلم، ئەو دوو خواردنە زستانەن كە بچیتە هەر شارێكی عێراق لەسەر عەرەبانە و لە شوێنە جیاوازەكان دەفرۆشرێت و كەسانێكی زۆر دەوریان داوە.
زۆرینەی عێراقییەكان لە زستاندا حەزێكی زۆریان بۆ ئەو دوو خواردنە هەیە، زۆر جار لە ماڵەوە ئامادەی دەكەن، یاخود دەچن لەو شوێنانەی لێی دەفرۆشرێت، دەیكڕن و دەیخۆن.
نۆكاو (لەبلەبی)
عەبدولڕەحمان، گەنجێكە لە سییەكانی تەمەنیدایە، نیشتەجێی گەڕەكی بابولشێخی بەغدادە. بەیانیان زوو عەرەبانەكەی بۆ فرۆشتنی لەبلەبی ئامادە دەكات و بەتایبەت دەچێتە ناوچەی سنەك كە تایبەتە بە فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێل.
ئەو گەنجە دەرچووی پەیمانگای تەكنەلۆجیایە، بەڵام نە لە كەرتی حكومی نە لە كەرتی تایبەت كاری دەست نەكەوتووە، بۆیە 11 ساڵە عەرەبانەیەكی كڕیوە و هاوینان شووتیی لەسەر دەفرۆشێت، زستانانیش دەیكات بە نۆكاو كە شەو لە ماڵەوە ئامادەی دەكات و بە ڕۆژیش پێشكەشی موشتەرییەكانی دەكات.
عەبدولڕەحمان باسی شێوازی ئامادەكردنی ئەو خواردنە دەكات: لە تەشتێكی گەورەدا بڕێكی زۆر نۆك دەكاتە نزیكەی 100 لیتر ئاوەوە، دوای ئەوەی شەش كاتژمێر تێیدا دەمێنێتەوە، دواتر دەیكاتە مەنجەلێكی گەورەوە لەگەڵ ئێسكی بەرخدا لەسەر ئاگرێكی هێواش دەیكوڵێنێت و تا نۆكەكە پێ دەگات.
مەنجەڵەكە كاتێك دەخرێتە سەر عەرەبانەكە، بە درێژایی ڕۆژ لەسەر ئاگرێكی هێواش دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی سارد نەبێتەوە، كاتێكیش موشتەرییەكان داوای دەكەن، ئاوی لیمۆ و بیبەری ڕەشی لەسەر خواستی خۆیان بۆ زیاد دەكرێت.
شێلم بە دۆشاو
لە نزیك گۆڕەپانی فڕۆكەوانی لە ناوچەی بابولشەرقیی ناوەڕاستی بەغداد كە قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە و گرنگییەكی زۆری بازرگانیی هەیە، گەنجێك شێلم دەفرۆشێت، كە یەكێكی دیكەیە لە بەناوبانگترین خواردنە زستانەییەكانی عێراق.
حەمید زافر كە بە ئەبو حمێدە ناسراو، باس لەوە دەكات كە عێراقییەكان لە زستاندا حەزێكی زۆریان بۆ خواردنی شێلم بە دۆشاو هەیە، چونكە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و كالۆرییەكی كەم كە گەرمییەكی زۆر بە لەش دەبەخشێت.
ئەبو حمێدە لەبارەی شێوازی ئامادەكردنی خواردنەكەوە دەڵێت، سەرەتا شێلمەكە جوان دەشۆرێتەوە و سەرەكەی لێ دەكرێتەوە و دەكرێت بە چوار بەشەوە، دواتر دەكرێتە مەنجەڵێكی گەورە و بڕێك ئاو و خوێ و دۆشاوی خورمای تێ دەكرێت، بۆ ماوەی چوار كاتژمێر دەخرێتە سەر ئاگرێكی مامناوەند، پاشان لە ئاوەكە دەردەهێنرێت و بە قاپی بچووك پێشكەش دەكرێت.
ئەوەش جێی سەرنجە نرخی ئەو دوو خواردنە زۆر هەرزانە و جێگیر و نەگۆڕە، بۆ هەمووان گونجاوە، بەجۆرێك نرخی قاپێك لەبلەبی هەزار دیناری عێراقییە، نرخی قاپێك شێلمیش بە هەمان شێوەیە.
بنەچەی هەردوو خواردنەكە
نوارا قەبانی كە خانمە ڕۆژنامەنووسێكی عێراقییە، لەبارەی بنەچەی ئەو دوو خواردنەوە دەڵێت، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان لە عێراق.
قەبانی باسی لەوە كردووە بنەچەی لەبلەبی هەر لە ناوەكەیەو دیارە لە لەبلابییەوە هاتووە، كە بە توركی بە نۆكی سوورەوەكراو دەڵێن، ئەمە مانای ئەوەیە خواردنەكە عێراقی نییە، بەڵكوو دواتر هاتووەتە وڵاتەكە و كۆمەڵێك زیادكردنی دیكە بۆ خواردنە توركییەكە كراوە.
لەبارەی شێلمیشەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت كە بە تەواوی خواردنێكی عێراقییە، چونكە لە عێراق شێلم بە كوڵاوی لەسەر عەرەبانە فرۆشراوە، هەروەها جۆرە شۆربایەكیشی لێ دروست دەكرێت كە بە "ترشە شێلم" ناسراوە، بە هەمان شێوە لە زستاندا خواستێكی زۆری لەسەرە.
سوودە تەندروستییەكان
دكتۆر سەنەد ئەعرەجی، سەرۆكی كۆمەڵەی زانستی خۆراك لە عێراق، ئاشكرایكردووە، هەردوو خواردنەكە سوودێكی تەندروستیی زۆریان هەیە، چونكە هەردوو خواردنەكەش زۆر بە باشی دەكوڵێنرێن، ئەوا هەر بەكتریا و ماددەیەكی زیانبەخشی تێدا بێت، لەناو دەچێت.
"ئەو دوو خواردنە گەرمیی زۆر بە لەش دەبەخشن، سوودیان بۆ بۆرییەكانی هەوا هەیە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی گرفتی كۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە"، ئەعرەجی وا دەڵێت.
ئەو پسپۆڕە باسی لەوە كردووە، نۆك شەكری ڕاكینۆس و ئەستاكیۆسی تێدایە، هەروەها پرۆتینێكی زۆر بە لەش دەبەخشێت، سوود بە كۆئەندامی هەرس و شەكری خوێن دەگەیەنێت.
زیانی لەبلەبی تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە گرفتی كۆڵۆنیان هەیە، چونكە دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و دروستبوونی غازات.
لەبارەی شێلمیشەوە سەنەد ئەعرەجی دەڵێت، بەهایەكی خۆراكیی گرنگی هەیە، كالۆرییەكی كەمی تێدایە، هەروەها بە یەكێك لەو خواردنانە دادەنرێت كە سوودیان بۆ ئەو كەسانە هەیە كە تووشی كۆرۆنا دەبن.
خواردنە میللییەكان و كۆرۆنا
قاسم موحسن كە هاووڵاتییەكی عێراقییە، پێی وایە باشترە ئەو خواردنانە لە ماڵەوە ئامادە بكرێن، بەتایبەت لە ئێستادا كە كۆرۆنا بڵاوە، ڤایرۆسەكە لەڕێی قاپ و كەوچك و كەلوپەلەكانی دیكەوە دەگوازرێتەوە.
ئەمە جگە لەوەی ئەو كەلوپەلەی بۆ دروستكردنی ئەو خواردنانە بەكار دێت، ئەگەری هەیە مێرووی تێبچێت و مرۆڤ تووشی ژەهراویبوون بكات، بۆیە زۆر گرنگە وەزارەتی تەندروستی چاودێرییەكانی زیاد بكات، بەتایبەت بۆ ئەو خواردنانەی لەسەر شەقام دەفرۆشرێن، بۆ ئەوەی لە پیسبوون پارێزراو بن.