ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 'ژمارەیەک ئەندامی داعش'ی لە ھەڵەبجەو شارەزوور ڕاگەیاند
پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لەھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیادا ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران.
ئاسایش دەشڵێت "دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن".
دەقی ڕاگەیەندراوی ئاسایش
لەئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری وورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش دەست خستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی ھەرێم تێکبدەن.
پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، بەهاوکاری هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، لەھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا رۆژی چوارشەمە ٨ ی ١٢ ی٢٠٢١ ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تالە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن.
لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگەو دۆکۆمێنتی دروست زانیاری زیاتر لەبارەی شکستپێھێنانی تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ رایگشتی بڵاودەکەینەوە.
لەگەڵ رێزماندا
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی