ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ سەر داعش؛ ڕووبەڕووبوونەوە دروست بووە؟

08-12-2021 04:50

پەرەگراف

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەرەكانی گەرمەسێر و قەرەتەپە بەردوامە. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "هیچ ڕووبەڕوبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ دروست نەبووە و ١٤ شوێن و پەناگەی داعش" لەناو براون".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان "لە هەردوو میحوەری یەكی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە" بۆ سەر حەشارگەكانی داعش دەست پێ‌ كرد.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیویانە بەشێكی زۆری ناوچەكە كێوماڵ بكەن، لە هەندێ خاڵدا نزیكبوونەتەوە لە یەكتری و هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوانیان هەیە".

وەزارەتی پێشمەرگە جەختی كردووەتەوە كە "ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتووانە بەڕێوە دەچێت" و ئاشكرایشی كردووە كە "توانراوە ١٤ شوێن و پەناگەی داعش لەناو ببرێن".

"هێزەكانی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسێۆنەدا، كێوماڵێكی وردی گوندەكانی (شۆراو، دەراجە، بەلەكەی سەروو، بەلەكەی خواروو، دۆڵی گولم كەوە وگوندی قۆری چایی) لە میحوەری دووی قەرەتەپە، گوندەكانی (قوبەلبن، معدانەكان، هۆدەلی، تەپەكزن، خدران و بشر) لە میحوەری یەكی گەرمەسێریان كردووە"، وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە "هیچ ڕووبەڕوبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان پێشمەرگە و پاشماوەی چەكدارانی داعش دروست نەبووە".

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هەریەك لە لیواكانی سێ‌ و پێنجی پیادە لە میحوەری گەرمەسێرەوە، لیواكانی نۆ و 17ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە، لەگەڵ چەند یەكەیەكی هێزەكانی ٧٠ بەشدارییان كردووە.