بەردەوامیی خۆپیشاندانی خوێندكاران؛ ئەو بڕە پارەی بڕیاری خەرجكردنی دراوە چۆن دەدرێتە خوێندكاران؟

07-12-2021 04:39

پەرەگراف

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانی خوێندكارانى زانكۆ و پەیمانگاكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند كە بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ وەزارەتەكە دراوە، كە لە دوو بواردا بەكار دەهێنرێت، "پشتیوانییەكی داراییە بۆ ئەو خوێندكار و قوتابیانەی پێویستیان بەو دەرماڵەیە دەبێت"، هەروەها "بۆ چاككردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەكان"ـە. دەشڵێت "دەرماڵەكە سەرجەم خوێندكارانی دەرەوە و ناوەوەی شار دەگرێتەوە".

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە فەرمانێكی وەزاریدا ئاشكرای كردووە كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە "ڕاسپاردنی وەزیری دارایی و ئابووریی بۆ تەرخانكردنی خەرجكردنی پاڵپشتییەكی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندووە كە ئەو پارەیە "بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار"ـە و "وەك پێشینەی مانگانە بە بۆ پاڵپشتیی خوێندكاران و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری" خەرج دەكرێت.

ئارام محەمەد ئاماژەی بەوە كردووە كە "وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەم بڕیارە لە 1-1-2022 جێبەجێ دەكات بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022".

توانا نەجەف، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو پێشینەیەی بڕیاری لەسەر دراوە، مانگانە دەدرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیشمان بەپێی ژمارەی ئەو خوێندكارانەی كە لەلایەن زانكۆكانەوە بۆمان دەنێردرێت كە چەندیان لەناو شار یان دەرەوەی شارن، بەو شێوەیە دابەشی دەكەین بەسەریاندا".

سەبارەت بە بڕى ئەو پارەیەی كە دەدرێت بە خوێندكاران، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە كرد كە بەپێی ڕێنمایی دەبێت خەرج بكرێت و وتی "ئەوەی تا ئێستا لەبەردەست وەزارەتماندایە، ڕێنمایی ژمارە 51ی ساڵی 2008ـە، یان هەر ڕێنماییەكی تر كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەر بچێت".

دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ساڵی 2014ـەوە بە فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە پاساوی قەیرانی دارایی ڕاگیراوە و چەند هەفتەیەكە خوێدكاران بۆ گەڕاندنەوەی خۆپیشاندان دەكەن.

ئەمڕۆیش لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.

لە سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین خوێندكاران ڕێگای سەرەكیی نێوان شارەكانیان داخست.

خوێندكاران جەخت دەكەنەوە تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان درێژە بە خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی دەوام دەدەن، بەڵام دیار نییە كە ئایا خەرجكردنی ئەم بڕ پارەیە كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكانیان دەهێنێت، یان لە ئاستی داواكارییەكانی ئەواندا نابێت.