پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە دەربارەی هێرشەكەی داعش؛ داوا لە پێشمەرگە دەكات تەكتیكی جەنگی بگۆڕێت
پەرەگراف
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی داعش لە پردێ پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەكانمان لە تیرۆرستان بكرێتەوە".
مەسعود بارزانی دەشڵێت "پێویستە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەكاری زیاتر بكات و تەكتیكی جەنگی بگۆڕێت، لە دۆخی بەرگریكردنەوە بكرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش".
دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەداخێكی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە قەرەسالم لە سنوری ناوچەی پردێ ، ژمارەیەك پێشمەرگە شەھید و برینداربوون، پرسە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەو كەسوكاری شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆرستیە دەكەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواكارم رۆحی شەھیدەكان بە بەھەشتی بەرین شادبكات و سەبرو ئارامی بە كەسوكاریان بدات، ھیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
جەختیش لەوە دەكەمەوە كە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەكانمان لە تیرۆرستان بكرێتەوە. بەھۆی زۆربوونی جموجوڵ و پەلامارەكانی تیرۆریستان لەم دواییانە پێویستە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەكاری زیاتر بكات و تەكتیكی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریكردنەوە بكرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش .
ھەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدانی شەڕی داعش و ھەموو شەھیدانی رێگەی ئازادی كوردستان
مسعود بارزانی
٦ـی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١