پەكەكە ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ڕاگەیاند؛ ڕەخنە لە شێوازی شەڕی پێشمەرگە دەگرێت
پەرەگراف
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سنووری كەركووك ڕاگەیاند و وتەبێژی ئەو هێزە دەڵێت "ئێمە ئامادەین گەلەكەمان لە باشوور بپارێزین".
سەردار یەكتاش، وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا دەڵێت "لە هەر شوێنێك هێرش بكرێتە سەر گەلەكەمان، ئەركی ئێمەیە كە بە شێوەی فیدایی گەلەكەمان بپارێزین. ئەگەر پێویستی بە ئێمە هەبێت و داوامان لێ بكرێت، ئێمە وەك هەپەگە ئامادەین گەلەكەی خۆمان لە كەركووك بپارێزین".
سەردار یەكتاش دەڵێت "داعش لە دەوروبەری كەركووك جموجووڵی هەیە. ئەو جموجووڵانە ئێستا بوونەتە هێرشی ڕوون و ئاشكرا. داعش كە لەلایەن شەڕڤانانی ئازادیی گەلی كوردەوە تێكشكاوە، ئێستا دووبارە دەستی كردووەتەوە بە هێرش بۆ سەر گەلەكەمان و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە".
وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە پێی وایە "ئەو جموجووڵانەی داعش هیچ لە جموجووڵەكانی دەوڵەتی تورك جیاواز نین" و دەڵێت "كاتێك مرۆڤ لە لێدوان و كارەكانی هەندێك لایەن وردبێتەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەوانە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە لەو ناوچانە ڕێكخراون. ئەوەش تێگەیشتن لە دۆخەكە باشتر ڕوون دەكاتەوە".
ئەو بەرپرسە سەربازییەی پەكەكە ڕەخنە لە جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێت و دەڵێت "بە هێزی قەرەباڵغ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش كە بۆ نمایشكردن بێت، ناتوانرێت گورز لە داعش بدرێت".
ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە "تەنیا بە یەكەی بچووك دەتوانرێت گورز لە داعش بدرێت" و باس لەوە دەكات وەكوو هەپەگە كاتێك شێواز و تاكتیكەكانی سەردەمی نوێی گەریلایان دەستنیشان كردووە، ئەمە یەكێك بووە لە گرنگترین تایبەتمەندی و خەسڵەتەكان كە لەبەرچاویان گرتووە و دەڵێت "هەپەگە لەم بوارەدا زۆر بە ئەزموون و لێهاتووە".
یەكتاش ڕەخنە لە جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە لە نزیكی ناوچەكانی گەریلاكانی پەكەكە دەگرێت و دەڵێت "ئەو هەموو هێزە سەربازییە دەبوایە نەك لە دژی گەریلا، بەڵكوو لە دژی دوژمنانی ڕاستەقینەی گەلی كورد جێگیر بكرانایە، چونكە ئەمە بۆ دۆزی خەڵكی باشووری كوردستان سوودی نییە و سوودی بۆ پرسی ئازادیی هەموو خەڵكی كوردستانیش نییە".