بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دەرماڵە و داواكارییەكانی ترەوە بەڵێنی چیی بە خوێندكاران داوە؟

06-12-2021 11:51

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بافڵ تاڵەبانی "بڕیاری دا لە ڕێگەی تیمی یەكێتی لە حكومەت، كار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بكات، بڕیاریشی دا ھەموو داواكاریی خوێندكارانی ٢٧ زانكۆ جێبەجێ بكات"، ئەمە بەپێی میدیای فەرمیی یەكێتی.

بەڵام خوێندكارێكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە، ئەمڕۆ قسەی بۆ میدیاكان كرد و وتی "وەڵامی كاك بافڵ لەبارەی دەرماڵەوە بەم شێوەیە بوو: وتی من ناتوانم دەرماڵەتان بۆ دابین بكەم، بەڵام هاوكارتان دەبم".

ئەو خوێندكارە كە بە نوێنەرایەتیی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكیی سلێمانی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، وتیشی "بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی لە سبەینێوە دەست بە جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكان دەكرێت، بەڵام هەندێك لە داواكارییەكانیش پێمان وتراوە كە ناتوانم جێبەجێیان بكەم".

دوێنێ‌ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، كۆبوونەوەیەكی ماوە درێژی لەگەڵ بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم ئەنجام دا كە دوای كاتژمێر دووی شەو تەواو بووە.

پاش هاتنە دەرەوەی لە كۆبوونەوەكە، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەوەكە هیچ قسەیەكی بۆ میدیاكان نەكرد و تەنیا وتی "كۆبوونەوەكە ئێستا تەواو بووە، بەڵام زوو زوو لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ هێزەكانماندا، خۆتان دەزان ئەمشەو شەهیدمان هەیە، ئەگەر ئیجازەم بدەن كۆبوونەوەیەكی ئەمنیمان هەیە دەبێت بڕۆم، داوای لێبوردنتان لێ‌ دەكەم".

ئەمڕۆ میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی كردەوە كە بافڵ تاڵەبانی "بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ كاتژمێر لەگەڵ نوێنەری خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی ١٤ شار و قەزا و ناحیە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە و دوای گوێگرتن لە داواكاریی ھەموویان، بڕیاری دا سەرجەم داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات".

"بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دا لە ڕێگەی تیمی یەكێتی لە حكومەتی ھەرێم كار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بكات و بڕیاریش دا بێ بەرامبەر پاس بۆ گواستنەوەی خوێندكارانی دەرەوەی شار و بەشەناوخۆییەكان دابین بكات، بڕیاریشی دا سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان بە ئینتەرنێتیشەوە بۆ خوێندكاران دابین بكات"، میدیای فەرمیی یەكێتی وا دەڵێت.

ڕۆژی 28-11-20221یش بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان كۆبووەوە، هاوسەرۆكی یەكێتی پاش كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ لەگەڵ خوێندكاران وتی "ئەوان چەند داواكارییەكیان هەبوو، بەڕاستی من چاوەڕێم دەكرد حكومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، بەداخەوە نەیانتوانیوە وەكوو پێویست داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكەن".

"میكانیزمێك دەدۆزینەوە كە حیزب بتوانێت داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكات"، هاوسەرۆكی یەكێتی وی وت.

ئەوكات بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی وتی خوێندكاران "هەموو داواكارییەكانیان حەقی خۆیان بوو بە زیادەوە"، بەڵام لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیی ئایا بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان پێداون، هاوسەرۆكی یەكێتی وتی "نا".