واستە؛ ڕێگا ئەفسوناوییەكەی گەیشتن بە كار و دامەزراندن لە عێراق

05-12-2021 05:58

پەرەگراف

باوكی زەینەب لە نێوان پێنج منداڵەكەیدا تەنیا كوڕە گەورەكەی كاری دەستكەوتووە، چوارەكەی دیكە تا ئێستا بێكار دەسوڕێنەوە، بۆیە بە ناچاری پەنای بردووەتە بەر واستە، كارتە براوەكەی دەستكەوتنی كار كە یەكێكە لە دیاردە بڵاوەكان لە دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق.

كارەكە هەرچییەك بێت، لە دەزگای مەدەنی یاخود دامەزراوەی سەربازی، ئەو واستەیەی لەڕێی پەیوەندیی خێزانی، هاوڕێیەتی، لایەنگریی سیاسی، پشتگیریی حیزبەكانەوە بەدەست دێت، دەبێتە كلیلی مسۆگەركردنی ژیانی داهاتوو، ئەو بیروباوەڕەش لای زۆرینەی گەنجان چەسپاوە كە بەبێ وەستا دۆزینەوەی هەلی كار ئەستەمە.

باوكی زەینەب كە لە شەستەكانی تەمەنیدایە و خانەنشینە، دەڵێت "هەموو منداڵەكانم كە سیانیان كچن، خوێندنی زانكۆیان تەواو كردووە، بەڵام هیچ سوودێكی بۆیان نەبووە، چونكە تەنیا یەكێكیان كار دەكات، ئەوانی دیكە هەر هەوڵ دەدەن و ئەنجامیشی نییە".

ئەو پیاوە كە بە تەواوی تاڵەكانی سەری سپی بووە و چاویلكەیەكی پزیشكی لەچاو دەكات، باسی لەوە كرد، تاكە هۆكار كە وای كرد ئەو كوڕەشی كاری دەست بكەوێت، واستە بوو، كە یەكێك لە ناسراوەكانی بۆی كردووە و لە یەكێك لە فەرمانگە حكومییەكان دایمەزراندووە.

كوڕە گەورەكەی تەمەنی 28 ساڵە و ئێستا بە گرێبەست دامەزراوە و ساڵانە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی نوێ دەبێتەوە.

ئەو باوكە بە حەسرەتەوە دەڵێت "نازانم دۆخەكە دەگاتە كوێ! هەژاری خەڵك ناچار دەكات واستە بكەن، گرووپی سیاسیش دەڵێی لە جیهانێكی دیكەدا دەژین".

بەپێی ڕاپرسییەكی بانكی نێودەوڵەتی كە لە ساڵی 2019 بڵاو كراوەتەوە، 95%ی عێراقییەكان پێیان وایە بۆ دەستكەوتنی كار "بەردەوام یاخود لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا"، دەبێت پەنا بۆ واستە ببرێت.

ئەوەش كە لە بەرامبەر واستەدا داوا دەكرێت، لایەنگریی سیاسییە، یاخود بڕێك پارە، یان لە بەرانبەر خزمەتێكدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو دیاردەیە دۆخێكی خراپی كۆمەڵایەتیی خولقاندووە، كەسانێكی زۆری بێهیوا كردووە بەتایبەت گەنجان، چونكە بەهۆیەوە ناتوانن داهاتوویەكی گەش بۆخۆیان بونیاد بنێن.

ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سەر سنوورەكانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندایش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون كە بەشێكی زۆری گەنجانی عێراق، لەگەڵ خەرجكردنی بڕێك پارە، تەحەمولی ماندوێتیی ئەو ڕێگایە بكەن، بەو هیوایەی بگەنە یەكێك لە وڵاتە ئەورووپییەكان و ژیانێكی باشتر بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، بەڵام زۆرینەیان لە كەشوهەوایەكی خراپدا لەسەر سنوور گیریان خواردووە، بەشێكیشیان ناچاربوون بگەڕێنەوە.

واستە هانی كۆچ دەدات

سامر هەیمەس، توێژەری عێراقی، باسی لەوە كردووە كە هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی بەبێ واستە ناتوانیت بگەیت بە هیچ شتێك. ئەو دیاردەیە كۆنە، بەڵام لەم دواییانەدا زۆر پەرەی سەندووە.

"یاسای لاواز هۆكاری بوونی واستەیە، بوونی واستە ڕێگرە لە گەشەسەندن، هۆكارە بۆ كۆچكردن"، توێژەرە عێراقییەكە وا دەڵێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە ڕووی شەفافیەتەوە لە پلەی 160دایە لە كۆی 180 وڵاتی جیهان، كە ئەگەر پێچەوانەكەی وەربگیرێت، عێراق لە ڕیزبەندیی بیستەمدا لە ڕووی ناشەفایەتەوە، واتە ئاستی گەندەڵی تێیدا بەرزە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لە كۆی 40 ملیۆن عێراقی، سێیەكیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، هەرچەندە وڵاتەكە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی نەوت و سامانی سروشتیی هەیە.

خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 كە بەهۆی كەمیی خزمەتگوزاری، بێكاری، گەندەڵی، خراپیی دۆخی وڵاتەوە سەری هەڵدا، زیاتر خراپیی دۆخەكەی دەرخست.

عێراقییەكان زۆرینەیان چیرۆكی خۆیان لەگەڵ واستە هەیە. عومرانی تەمەن 32 ساڵ كە خاوەنی بڕوانامەی زانكۆیە لە زانستی كۆمەڵایەتیدا، دەڵێت "زیاتر لە 20 جار هەوڵم دا لە هەر دامەزراوەیەك بێت كار بكەم، بەڵام بێسوود بوو، بەڵام كاتێك چوومە حیزبی ئیسلامی، ئەوان پشتیوانییان كردم و وەك پۆلیس دامەزرام".

هەمان شت بەسەر جاسمی تەمەن 30 ساڵیشدا هاتووە كە ئەندازیاری پەیوەندییە، دوای ئەوەی بە سوتفە ئەندامێكی پەرلەمان دەناسێت بە دوو ڕۆژ كاری دەست دەكەوێت، ئەوەش بە هەلی زێڕینی ژیانی ناو دەبات.

بەبێ واستە كار نییە

بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكیدا كە ساڵی 2017 بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە، عێراقییەكان بە ڕیز دەوەستن بۆ ئەوەی هەلی كاریان لە كەرتی حكومی دەست بكەوێت، دەیانەوێت بەو شێوەیە مووچەیەكی باشیان هەبێت و بچنە ناو سیستمی خانەنشینییەوە.

لە ساڵی 2003وە بۆ 2015 ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرتی حكومی كار دەكەن، لە 900 هەزارەوە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن كەس زیادی كردووە، بەوە عێراق بووەتە یەكێك لەو وڵاتانەی زۆرترین فەرمانبەری هەیە. ئەو مووچەیەی دەیدات، زۆرترین بڕی بوودجەكەی دەبات.

بانكی نێودەڵەوتی دەڵێت "ئەو زیادبوونە زۆرە لە ژمارەی فەرمانبەراندا، بەهۆی حیزبەكانەوە بووە، بووەتە هۆی هەڵئاوسان لە كەرتی حكومیدا".

ئەحمەدی تەمەن 29 ساڵ یەكێكی دیكەیە لەو كەسانەی دەرگای بەخت بە ڕوویدا كراوەتەوە، دوای چەند ساڵێك گەڕان بەدوای كاردا، بەهۆی واستەوە بووەتە مووچەخۆر.

ئەحمەد كە باوكی دوو منداڵە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە لە كارگێڕی و ئابوریدا، باسی لەوە كردووە كە واستەكەی پاسەوانی بەرپرسێكی حكومی بووە، بەو شێوەیە لە پەروەردە دامەزراوە، بۆ ئەوەش بڕی یەك ملیۆن دیناری داوە كە لە یەكێك لە بانكەكان بە قەرز ڕایكێشاوە.

ئەحمەد كە لە خانووییەكی كرێدا دەژی، دەڵێت "زۆرم پێ ناخۆشە كە بەرتیلم داوە بۆ ئەوەی كار بكەم، بەڵام ناچاربووم". جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی "بێ واستە كار نییە".