برایەكی كاوە گەرمیانی: زیندانییەكە بە دەقیقی پێی وتین كێ لە پشتی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانییەوەیە

05-12-2021 04:45
مەراسیمی ھەشتھەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕەکەی. وێنە؛ کەرکوک ناو

پەرەگراف

لە هەشتهەمین ساڵیادی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانیدا، برایەكی ڕایگەیاند: ئەو كەسەی لەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دەستگیركراوەو لە زیندانە، بە دەقیقی پێیوتوون "لە بەینی دوو بەرپرسی باڵای یەكێتیدا دەست لە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا هەیە"‌و ئامادەم لە دادگا هەموو شتێك ئاشكرا بكەم، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە.

"ئەو كەسەی لەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دەستگیركراوە، نزیكەی مانگێك دەبێت لە زیندانەوە پەیوەندی پێوەكردین كە دان بەهەموو شتێكدا بنێت كە بڵێت كێ لە پشت تیرۆركردنی كاوە گەرمیانییەوەیە، ئێمەش بەدەمییەوە چووین وتمان تۆ ئەوە بۆ ئێمە بكە ئێمەش چیت دەوێت بۆت دەكەین، بزانین كێ لەپشت تیرۆركردنی كاوە گەرمیانییەوەیە، بە دەقیقی ڕێك پێیوتین دوو بەرپرسی باڵا لە بەینی ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی یەكێتیدا دەست لە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا هەیە" كاروان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی لە ساڵیادەكەدا لەسەر گۆڕەكەی لە كەلار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وای وت.

ئەو برایەی كاوە گەرمیانی، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو دوو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكرا بكات، وتيشی "ئەو شەوەی كاوە گەرمیانی تیرۆركراوە بەتەنها خۆی نەبووەو شۆفێرێكیشی لەگەڵدا بووە كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە"، وتیشی "ئەوەی ئێستا بەدەستمانەوەیە ئەو كەسەیە كە لە زیندانە بە دەقیقی پێی وتین كێ لە پشتی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانییەوەیە، وتی دێم لە دادگا هەموو شتێك ئاشكرا دەكەم وتمان باشە فەرموو ئێمە لەگەڵتداین.. بەڵام بەداخەوە پەشیمان بووەوەو دۆسیەكە هێشتا لە دادگا وەكخۆیەتی‌و ئێمە هەر بەدوایەوەین".

شەهیدی قەڵەم، ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ، لە 5ی كانونی یەكەمی 2013 لە بەردەم ماڵی خۆیان لە كەلار تیرۆر كرا.

ئازارەكانی تیرۆركردنی كاوە، لە هەمووان زیاتر بۆ دایكی بەسوێترە، چونكە كاوەی كوڕە گەورەی لە ناو حەوشەی ماڵەكەیدا و بە بەرچاوی ئەوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە.

لەو ڕۆژەدا، كاوە لە ژورێكی ماڵی دایكی سەرقاڵی نوسینی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی بووە، تا شەو میوانیان هەبووەو كاتی ڕۆیشتنی میوانەكان، دایكی دەچێتە حەوشەو لەسەر دەرگاكەوە، كەسێك بانگی لێدەكات.

"پیاوێك لەسەر دەرگای حەوشەكەمان سەری هێنایە ژورەوە‌ و وتی پورێ‌ من هاوڕێی كاوەم بانگی بكە بۆم، .. بێ‌ ئەوەی دەرگاكە بكەمەوە چومە ژورەوە و وتم كاوە گیان هاوڕێیەكت هاتوە بانگت دەكات" سنور عەبدولكەریم دایكی كاوە پێشتر بۆ پەرەگراف وای وت.

دایكە سنور 5 سال دوای ڕووداوەكە، لەگەڵ كەوتەوە باسی ئەو شەوە، وەكو یەكەم ساتی ڕوداوەكە دەگریا، "لەگەڵ كاوە پێكەوە هاتینە حەوشەكەمان، بەكڵاشینكۆف ڕیزێ گولەی نایە حەوشەكەمانەوە، ئاگر بەدەورمدا دەڕۆشت، لەچكەكەم فیشەك سوتاندی و سەیری كاوەم كرد بینیم لەسەر زەوییەكە كەوتوە، هەمو لەشی بوو بوو بە خوێن".

"كوڕەكەم وەكو پەپولە وابوو، ئەوەندە سەنگین ‌و گران بوو، ئازاری كەسی نەدەدا".

لەسەر تیرۆركردنی كاوە كەسێك دەستگیركراو دانی بە تاوانەكەدا نا، بە سزای لەسێدارە دان حكومدرا، بەڵام كەسوكاری كاوە ڕازیی نین‌و دەڵێن، "بەرپرسانی باڵا لە پشت ڕووداوەكەوەن"‌و دەبێت ئەوان بدۆزرێنەوەو سزا بدرێن.

كاوە گەرمیانی، یەكەم كوڕی خێزانەكەی بوو، بەدوای ئەودا دوو كوڕ و سێ كچی تر هاتووە، لە شەش ساڵیەوە باوكی بە ڕوداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە و لەوكاتەوە، دایكی تەنیا پەروەردەكار و بەخێوكەریان بووە.

"لەگەڵ دەستڕێژی گولـلەكان هاوارمكردو وتم كاوە كوژرا، شیرین و كچەكەم هاتنە دەرەوە"، دایكە سنور ئەوەندەشی بیرماوە، "ڕامكرد و دەرگای حەوشەكەم كردەوە و هاوارمكرد تا دراوسێكان فریامان بكەون، بینیم بكوژەكە چوە ناو ئۆتۆمبێلەكەی و ڕایكرد".

كاوە گەرمیانی خێزاندار بوو، هاوسەرەكەی ئێستا بە شیرینی كاوە گەرمیانی بەناوبانگە، لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بووە بە پەرلەمانتاری كوردستان لەم خولەدا، دوای بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی كاندیدە ژنەكانی ناو سەرجەم لیستەكان.

تاقە كوڕەكەی كاوە گەرمیانی، 17 ڕۆژ دوای مەرگی باوكی هاتە دونیاوە، لەسەر ڕاسپاردەی جوانەمەرگ ناونراوە ئامەد.

ساڵیادی تیرۆری كاوە گەرمیانی، چەندە نوێبونەوەی برینی كەسوكاریەتی، ئەوەندەش جێی سەربەرزییانە، وەكو دایكی وتی"هەستدەكەم كاوە كوڕی هەمو گەرمیانە ئەو كاتانەی یادی تیرۆركردنی دەكرێتەوە".