دانوستانەكانی زیندووكردنەوەی ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی بە چی گەیشتووە؟ ئێران و ئەمریكا چی دەڵێن؟
پەرەگراف
گەڕێكی دیكەی دانوستانەكانی ڤیەننای تایبەت بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران كۆتایی هات. ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران و دەشڵێت "جیددی نەبوون"ی ئێران هۆكاری كۆتاییهاتنی گفتوگۆكانە. بەڵام چین پێی وایە نابێت "بەرەوپێشچوونەكان"ی دانوستانەكان بە كەم بگیرێن. ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت كە پێشنیارەكانی خۆی داوەتە لایەنی بەرانبەر.
دوێنێ هەینی 3-11-2021، پاش پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆ، گەڕێكی دیكەی دانوستانەكانی ڤییەنای نێوان ئێران و وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەكە، كۆتایی هات، كە ئەمریكا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تێیدا بەشدارە.
وینگ كون، نوێنەری چین لە بارەگای ئەورووپای نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕایگەیاند كە نابێت "بەرەوپێشچوونەكان" لە دانوستانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو "بە كەم بگیرێن"، هەرچەندە نایشارێتەوە كە "مەودایەكی زۆر" هەیە بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی چین ئاماژە بەوەش دەكات كە وڵاتەكەی هیوادارە ڕاوێژكردنی نوێنەری وڵاتانی بەشدار لەگەڵ حكومەتەكانیان لە ماوەی ڕاوەستانی دانوستانەكان، ئیرادەیەكی جیددی لێ بكەوێتەوە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكان.
نوێنەری وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەكانی ڤیەننای تایبەت بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، لە ماوەی ڕاگرتنی دانوستانەكان دەگەڕێنەوە وڵاتەكانیان و سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و پێشنیارەكانی لایەنی بەرانبەر ڕاوێژ بە حكومەت و بەرپرسانی باڵای وڵاتەكانیان بكەن.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە بە "جیددی نەبوونی دەربارەی جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتییەكانی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی" بووەتە هۆی كۆتاییهاتنی ئەم گەڕەی دانوستانەكان. جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی ڕێگە بە ئێران نادات هاوكات بە بەردەوامی لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ماوەی دانوستانەكان درێژ بكاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریشی دا كە ئەمریكا لە ئەگەری بێ ئەنجامبوونی ڕێگەی دیبلۆماسی، بژارەی دیكە لە بەرانبەر ئێران دەگرێتە بەر.
لای خۆیشیەوە نەفتالی بینیت، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە ئەمریكا كردووە كۆتایی بە دانوستانەكان بهێنێت، چونكە بە بۆچوونی ئیسرائیل، ئێران تەنیا سەرقاڵی كات كوشتنە بۆ ئەوەی دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات.
هاوكات وڵاتانی ئەورووپیی بەشدار لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی "نیگەرانی و نائومێدی"یان دەربڕیوە لەوەی كە ئێران پاشەكشەی لە بەرەوپێشچوونە دیبلۆماسییانە كردووە كە لە گەڕی پێشووی دانوستانەكان بەدەست هاتبوو.
هاوكات ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا، كە بە سەفەرێكی دووڕۆژە بۆ وڵاتانی كەنداو دوێنێ لە ئیمارات بوو، ڕایگەیاند كە وا دەردەكەوێت "ئەم گەڕەی دانوستانەكان سەركەوتوو نەبووە".
لای خۆیشیەوە ئێنریكە مۆرا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا و سەرپەرشتیاری دانوستانەكانی ڤیەننا، بۆ میدیاكان وتی "دانوستانەكان بە شێوەیەكی كاتی ڕادەگرن و لە چەند ڕۆژی ئایندەدا پاش ڕاوێژكردنی زیاتر، دەست پێ دەكەینەوە".
"گرفتی زۆرمان لەبەردەمدایە و دانوستانەكان ئاسان نابێت، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆكان"، ئێنریكە مۆرا وای وت.
لەم نێوەندەدا نوێنەری ئێران دەڵێت كە بۆچوونی وڵاتەكەی دەربارەی "هەڵگرتنی سزاكان و گەڕانەوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی" لە دوو ڕەشنووسدا داوەتە لایەنی بەرانبەر.
عەلی باقری، گەورەدانوستانكاری ئێران لە دانوسانەكانی ڤیەننا، ئاماژەی بەوەش كرد كە دەربارەی هەندێك لایەن كە دەیانەوێت كێشە بۆ دانوستانەكان دروست بكەن كە مەبەست لێی ئیسرائیلە، هۆشدارییان داوەتە لایەنی بەرانبەر.
ئەم گەڕەی دانوستانەكانی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی پاش شەش مانگ لە وەستانی، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە ڤیەننا دەستی پێ كرد و پاش پێنج ڕۆژ دوێنێ هەینی كۆتایی هات.
یەكەم گەڕی دانوستانەكان لە ڕۆژی 6-4-2021 و پاش سێ ساڵ لە چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، دەستی پێ كردەوە.
پێشتر عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە حكومەتەكەی حەسەن ڕووحانی، سەرۆكایەتیی شاندنی دانوستانكاری ئێرانی دەكرد، بەڵام بە هاتنە سەر حوكمی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەمجارە ئێران شاندێكی نوێی بە سەرۆكایەتیی عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوە ناردە ڤیەننا.
ئەمریكا ساڵی 2018 لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی كشایەوە و تاكلایەنە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند. دواتر ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن ئامادەیی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتننامەكە نیشان دا، بەڵام مەرجی هەیە. هاوكات ئێرانیش بە مەرجەوە گەڕاوەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 پاش زیاتر لە دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ، لە نێوان (ئەمریكا، ئێران، ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) بە بەشداریی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا هاتە ئاراوە. پاش سێ ساڵ لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕێككەوتننامەكەی بە "خراپترین ڕێككەوتننامە لە مێژووی ئەمریكا" ناو برد و تاكلایەنە كشایەوە و سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند.
ئیدارەی ترەمپ پێی وابوو كە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی نەك ڕێگری لە ئێران ناكات بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، بەڵكو كارئاسانیی بۆ دەكات.
پاش كشانەوەی ئەمریكا، ئێرانیش بە چەند قۆناغێك پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە كرد و دەستی بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی كردەوە، بە تایبەتیش ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرز كردەوە بۆ ئاستی چەند هێندەی ڕێگەپێدراوی ناو ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی.