پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی پیشاندا لە ھەڵکشانی ھێرشەکانی داعش و پەلامارەکەی مەخمور، جەخت دەکاتەوە لە پشتیوانییکردنی ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
نێد پڕایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشە لە سەرتاسەری عێراقدا و لە ناویشیاندا هێرشەکەی دوێنێ لە قەزای مەخمور کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٠ پێشمەرگە و سێ هاووڵاتی مەدەنی".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرسەو ھاوسۆزیی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییان دەکات و دەشڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختدەکاتەوە لە پابەندبوونی بە پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و لە ناویشیاندا هێزی پێشمەرگە لە بەردەوامییان لە شەڕی دژی داعش بۆ دڵنیاییدان لەوەی داعش بە شکستپێهێنراوی دەمێنێتەوە".
لە ھێرشی تیرۆریستانی داعش لە گەرمیان و قەرەچووغ، لە ماوەی یەك ھەفتەدا ١٧ پێشمەرگە و سێ ھاووڵاتیی مەدەنی كە بران، شەھیدبوون. بەرپرسانی باڵای هەرێم لەگەڵ جەخت كردنەوە لەوەی كە بوونی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و داعش هۆكاری یەكەمی هێرشەكانە، بەڵام ئاماژەیش بۆ كەموكووڕی لە پێداویستی و جۆرێك لە كەمتەرخەمی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە دەكەن.
دواین پەلاماری داعش شەوی ٢ی ئەم مانگە بوو بۆ دوو گوندی بناری چیای قەرەچووغ، شەھیدبوونی ١٠ پێشمەرگە و سێ ھاووڵاتیی لێکەوتەوە کە برای یەکتربوون و ڕوبەڕوی داعش بوونەتەوە.
بەر لەو ھێرشە، لە ٢٧-١١ تیرۆریستانی داعش لە گەرمیان ھێرشیان كردەسەر سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە و شەڕ ڕووی دا، لە كاتی بەھاناوەچوونی پێشمەرگەدا بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی ھێزەكانی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون.
دوو شەو دواتر، داعش ھێرشێكی دیكەی لە ھەمان ناوچە ئەنجام دا و دوو پێشمەرگەی دیكە شەھید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ھێرشەكەی قەرەچووغ دەڵێت "دووپاتی دەكەینەوە كە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان وئەوانەی پاڵپشتیشیان دەكەن، دەبێ باجێكی گەورە بدەن".
وەزارەتەكە جەختیش دەكاتەوە، هەماهەنگی و هاوكاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی كردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەست پێبكەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەكانیان وەك خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت".
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر-مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ قادر نادر چالاكی مەدەنیی كورد لە سوید، باس لە كەموكووڕییەكان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت كە پێویستیان بە ٢٢ سەنگەر هەبووە لەو سنوورە، بەڵام تا بوودجەكەی تەواو بووە دوو ساڵ و نیوی پێ چووە.
سیروان بارزانی ئاماژە بەوەش دەكات كە داعش دووربینی حەراریی پێیە كە لە شەودا بەكار دەهێنرێت، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت پێشمەرگە یەك دوربینی لەو شێوەیەی پێ نییە و كێشەی ڕێگەوبان و چەندین كێشەی دیكەی هەیە كە چەند ساڵە چارەسەر نەكراون.
فەرماندەی میحوەری گوێر-مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە نایشارێتەوە كە جۆرێك كەمتەرخەمی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە هەیە و دەڵێت "لە كاتی هێرشەكەی داعش من خۆم گەیشتمە ئەوێ و بە پێشمەرگەم وت: بە ئۆتۆمبێل نەڕۆن چونكە لوغم دادەنێن، بەڵام ئامر مەفرەزەكە سەركێشی كردووە و بە ئۆتۆمبێل ڕۆیشتووە، بۆیە ئۆتۆمبێلەكەیان تەقییەوە. لە چاكە و مەردایەتیی خۆی ئەوەی كردبوو، بەڵام سەری لەسەر دانا".
لە پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتیشدا ئاماژەی بوونی كەموكوڕی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكان بەدی دەكرێت، كە دەڵێت "لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و، ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك".