لاھور شێخ جەنگی بێبەریبوونی خۆی لە 'یەکێتیی نوێ' ڕاگەیاند

03-12-2021 08:33

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی لە ھەڵوێستێکی نوێدا دەڵێت: ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە.

ئەو ڕاگەیاندنەی لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ھاتووە کە ئەمڕۆ دوای سەردانی کەسوکاری موراد کانی کوردەیی و کوژراوانی دیکەی ڕووداوەکەی ڕانیە بڵاوی کردەوە، تێیدا جارێکی دیکە ئەو ڕووداوە بە "تیرۆر" ناودەبات و دەشڵێت "خۆم بە شەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە".

دەقی پەیامەکەی لاھور شێخ جەنگی

ئەمڕۆ سەردانی دەڤەری بتوێنمان کرد و لە شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە ناحیەی بێتواتە سەردانی خێزان و کەسوکاری شەهیدان(عەقیدی مافپەروەر موراد کانی کوردەیی و هاوکار نازم)مان کرد، دواتر لە هەردوو شارۆچکەی شکارتە و گوندی مێرگەسەر سەردانیخێزان و کەسوکاری شەهیدان (خۆشناو وەیسی و سەرکار فاخیر)مان کرد کە ڕۆژی ٢٦ـی ١١ـی ٢٠٢١، لە پەلامارێکی نەگریسی پیلان بۆداڕێژراودا بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لە ناوەندی شاری ڕانیە تیرۆر کران و گەیشتنە کاروانی نەمران.

لە نزیکەوە خێزان و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان بەسەرکردەوە و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان پێڕاگەیاندن و جەختمان کردەوە؛ ئەوەی زیاتر ئێمە و ئێوەشی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە لایەن نەیار و دوژمنەکانمانەوە نەبووەبەڵکو لە لایەن دۆست و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوە و بە دیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی حزبەکەی خۆمان بەرامبەرکەسێک ئەنجامیانداوە کە جگە لەوەی کادر و فەرماندەیەکی دڵسۆز و بە ئەمەک بووە بۆ حزبەکەی، خاوەن سێ برای شەهیدە، بنەماڵەی شەهیدەکانیش، لە پێناو یەکێتیی و ئازادی خاکی کوردستان دەیان شەهیدیان بەخشیوە، باشە چۆن دەبێت ئاوا بێوەفابین بەرامبەر بەخوێنی شەهیدان و لە پێناو پلە و پۆست و ویستی شەخسی، دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانە و دەستمان سووربێت بەخوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بە دڵی ئێمە نەبوو، هەڵبکوتینە سەری و بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین. خۆم بە شەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان وهەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کەئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە.

هەر ئەمڕۆش لە گۆڕستانی شەهیدان لە شاری کۆیە، سەردانی گڵکۆی شەهید مورادمان کرد و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفامان لەسەر گۆڕەکەی دانا. جارێکی تر سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و خانەوادەی سەربەرزی شەهید موراد و هاوڕێکانی کرد و داوای سەبر و ئارامیم لێکردن و ڕامانگەیاند کە هەرگیز ڕێگەنادەین خوێنیان بە فیڕۆ بروات. دووپاتیشیمانکردەوە؛ باشترین هەنگاو کە بنرێت بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی کەمی تووڕەیی و خەم و ئازاری خێزان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیە و بە سزا گەیاندنیانە لەدادگایەکی عادیلانە.