پەرەگراف
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكەی داعش لە قەرەچووغ بڵاو كردەوە و دەڵێت "سێ هاووڵاتی و حەوت پێشمەرگە شەهید بوون".
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
بەداخەوە، كاتژمێر ٢٢٠٠ شەوی ٢ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، كوێرانە كەوتنە دەستڕێژی كردن لە خەڵكی سڤیلی گوندەكە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكیش بریندار بوون.
هێزەكانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵكی گوندەكەوە چوون و توانیان لەماوەیەكی كەمدا، بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و تیرۆریستان راو بنێن.
دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنی بۆ ناوچەكە ئەنجامدا، لەوكاتەدا، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی پێشمەرگە كەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.
وێڕای راگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی گوندی خدر جیجە، دوپاتی دەكەینەوە، كە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەكەن، دەبێ باجێكی گەورە بدەن.
وەزارەتی پێشمەرگە، جارێكی تر رایدەگەیەنێت، كە هەماهەنگی و هاوكاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی كردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی هاوبەش دەست پێبكەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەكانیان وەك خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
٣ی كانونی یەكەم ٢٠٢١