یەکێتی لە وەڵامی پارتیدا: بەردەوام دەبین لەسەر سکاڵاکانمان بۆ بەدەستھێنانەوەی ٣ کورسیی دیکە

02-12-2021 06:09

پەرەگراف

یەکێتی وەڵامی مەکتەبی سیاسی پارتی دایەوەو لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی دوو کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق مافی خۆیانەو بۆیانگەڕاوەتەوە، باسلەوەش دەکات بەردەوام دەبن لەسەر سکاڵاکانیان بۆ بەدەستھێنانەوەی ٣ کورسیی دیکە.

ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لێدوانێکی نووسراوی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، تێیدا دەڵێت "ئێمە دڵنیاین وەرگرتنەوەی 2 كورسییەكەی پارێزگاكانی هەولێرو نەینەوا ئیستحقاقی رەوای یەكێتی و هاوپەیمانی كوردستانە، بەتانەورێكاری یاسایی گەراونەتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەكەی. واتا ئەم   پێشێلكارییە بە رێكاری یاسایی راستكراوەتەوە".

"ئێمە لەسەر هەمان رێكار بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی 3 كورسی كاندیدەكانی تری هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەكانییەكی هەولێر و بازنەكانی سێ و چواری نەینەوا. دڵنیاشین كە بەڕێز سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستورەو ئەركەكانی بە پێی یاساو دەستورجێبەجێ دەكات و دەستێوەردانی لەكاروباری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نەكردووەو نایكات" وتەبێژەکەی یەکێتی وادەڵێت.

ئەو لێدوانە دوای ئەوەدێت، مەكتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ هەڵوێستی فەرمیی ڕاگەیاند لەبارەی ئەو دوو كورسییەی پەرلەمانیعێراق لە ھەولێرو نەینەوا كە پێیوایە هی ئەوانەو لێیان بردراوە.

پارتی لەگەڵئەوەی تەئكید لە بەردەوامیی هەوڵەكانیان دەكات بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو دوو كورسییە، هاوكات پەنجەی تۆمەت بۆ "سەرۆككۆمار و سەرۆكی دەستەی دادوەری" ڕادەكێشێت‌و دەڵێت: بە دەستێوەردانی ئەوان ماوەی تانە لێدانەكان بە نایاسایی درێژكرایەوە، بەمەبەستی دەستكاری ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو.

ئەو دوو كورسییەی پارتی باسی دەكات، بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی بووە، بەڵام دواتر كۆمسیۆنیھەڵبژاردن ڕایگەیاند، دوو كاندیدی یەكێتی لە شوێنی كاندیدەكانی پارتی دەرچوون و بە فەرمیی ناویان بڵاوكرایەوە.

ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی بریتین لە هەرێم كەمال ئاغا لە بازنەی سێی هەولێر و ڕۆنزی زیاد لە بازنەی دووی نەینەوا، كە بەپێی ئەنجامی پێشووی هەڵبژاردن دوو كاندیدی پارتی دەنگی زیاتر لەوانیان بەدەست هێنابوو.

سووتاندنی دەنگی ژمارەیەك بنكە و وێستەگە بەهۆی بوونی پەنجەمۆری دووبارە و دەركەوتنی جیاوازیی دەنگەكان لە ژماردنەوەی دەستیدا،بووە فریادڕەس بۆ كاندیدەكانی یەكێتی.

"پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە رێكەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاكی و دیموكراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو كاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەكان بەنایاسایی درێژكرایەوە، بەمەبەستی دەستكاری ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو" مەكتەبی سیاسی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا وادەڵێت.

دەشڵێت "دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەكنیكی پارتیمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەری كۆبوونەوە، دەركەوت تەواوی بەڵگەكانمان سەلمێنەری پێشێلكاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم دەستێوەردان وگۆڕانكاری و پێشێلكارییانە رەتدەكەینەوە و داكۆكی لە مافی كاندید و دەنگدەران دەكەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتكراویان بۆبگەڕێتەوە".

"لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەكان، بە ڕێكاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان لەپێناودەستەبەركردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلكارییەكان و، ھەنگاوەكانی داھاتووشمان لە كاتی خۆی دا رادەگەیەنین" مەكتەبی سیاسی پارتیوادەڵێت.