سەدرو لایەنە شیعە ناڕازییەكان سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان

02-12-2021 05:29

پەرەگراف

موقتەدا سەدرو لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، دوای كۆبوونەوەیەكی هاوبەش سووربوونی خۆیان پیشان دەدەن لەسەر هەڵوێستەكانی ڕابردوویان، پێناچێت كۆبوونەوەكە هیچ نزیكبوونەوەیەكی لە نێوانیاندا دروست كردبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت‌.

لایەنە شیعەكانی عێراق كە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەرەیەك موقتەدا سەدر وەكوو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بەرەیەكیش لایەنە ناڕازییەكانی هەڵبژاردن لەژێر ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ چارەسەركردنی كێشەو بۆچوونە جیاوازەكانیان ئەمڕۆ لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح كۆبوونەوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و خاوەنی دەنگی زۆرینەی هەڵبژاردن، دوو ڕستەی بڵاوكردەوە كە بە دەستوخەتی خۆی نوسراوە، كە جەختی كردووەتەوە حكومەتی داهاتووی عێراق سەر بە خواستی ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا نابێت و حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دەبێت.

هاوكات حەسەن عەزاری سەرۆكی هاوپەیمانیی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند سەدر و چاكسازی لە یەكتر جیانابنەوە و لە پێنج خاڵیشدا جەختی لەسەر "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و ڕەتكردنەوەی سازان و پشكپشكێنە، هەروەها گەڕانەوە تەنیا بۆ مەرجەعیەتی نەجەف وەكوو سەرچاوەی هەموان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سازش نەكردن لە ئامانجەكان" كردەوە.

لای خۆشیانەوە چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەدر، بەیاننامەیەكی شەش خاڵییان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە "گرتنەبەری هەنگاوی كرداریی پێویست بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران و ڕاگرتنی بەهەدەردانی دارایی گشتی".

هەروەها جەختیان كردووەتەوە لە كشانەوەی هێزە بیانییەكان لەو كاتەی دیاریكراوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر پارێزگاریكردن لە حەشدی شەعبی و پشتیوانی و ڕێكخستنی لەپێناوی زیاتر بەهێزكردنیدا، هەروەها بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و هەر شتێك كە پەیوەست بێت بەو بابەتەوە.

چوارچێوەكە داوای كاركردنی هاوبەش بۆ پاراستنی بنەما نەگۆڕەكانی گەلی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لادانە ڕەوشتی و كۆمەڵایەتییەكان بەپێی یاسا كردووە و، داوای كاركردن بۆ بەرزكردنەوەی توانای ئابووریی ناوچە بێبەشكراوەكان و دوورخستنەوەی كێبڕكێی سیاسی لە سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ستەم لەو ناوچانەیش دەكات.

هەروەك لە كۆتاییدا چوارچێوەكە سەرلەنوێ جەختیان لە بەردەوامییان لە هەنگاوە یاسایی و جەماوەرییەكانیان سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كردووەتەوە.

نووسینگەی ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی گردبوونەوەی هاوبەندیی نیشتمانییش، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە سەركردەكان بەوپەڕی دۆستانە و برایانە پێشوازییان لە موقتەدا سەدر كردووە و ئەمەش پاڵپشتییەك دەبێت بۆ پەیوەستبوونی زیاتر و یەكڕیزیی نیشتمانی.