مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی دوو كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق باسلە دەستتێوەردانی بەرهەم ساڵح دەكات

02-12-2021 02:52

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵوێستی فەرمیی ڕاگەیاند لەبارەی ئەو دوو كورسییەی پەرلەمانی عێراق لە ھەولێرو نەینەوا كە پێیوایە هی ئەوانەو لێیان بردراوە.

پارتی لەگەڵئەوەی تەئكید لە بەردەوامیی هەوڵەكانیان دەكات بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو دوو كورسییە، هاوكات پەنجەی تۆمەت بۆ "سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی دادوەری" ڕادەكێشێت‌و دەڵێت: بە دەستێوەردانی ئەوان ماوەی تانە لێدانەكان بە نایاسایی درێژكرایەوە، بەمەبەستی دەستكاری ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو.

ئەو دوو كورسییەی پارتی باسی دەكات، بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی بووە، بەڵام دواتر كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ڕایگەیاند، دوو كاندیدی یەكێتی لە شوێنی كاندیدەكانی پارتی دەرچوون و بە فەرمیی ناویان بڵاوكرایەوە.

ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی بریتین لە هەرێم كەمال ئاغا لە بازنەی سێی هەولێر و ڕۆنزی زیاد لە بازنەی دووی نەینەوا، كە بەپێی ئەنجامی پێشووی هەڵبژاردن دوو كاندیدی پارتی دەنگی زیاتر لەوانیان بەدەست هێنابوو.

سووتاندنی دەنگی ژمارەیەك بنكە و وێستەگە بەهۆی بوونی پەنجەمۆری دووبارە و دەركەوتنی جیاوازیی دەنگەكان لە ژماردنەوەی دەستیدا، بووە فریادڕەس بۆ كاندیدەكانی یەكێتی.

"پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە رێكەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاكی و دیموكراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو كاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەكان بە نایاسایی درێژكرایەوە، بەمەبەستی دەستكاری ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو" مەكتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا وادەڵێت.

دەشڵێت "دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەكنیكی پارتیمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەری كۆبوونەوە، دەركەوت تەواوی بەڵگەكانمان سەلمێنەری پێشێلكاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانكاری و پێشێلكارییانە رەتدەكەینەوە و داكۆكی لە مافی كاندید و دەنگدەران دەكەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتكراویان بۆ بگەڕێتەوە".

"لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەكان، بە ڕێكاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان لەپێناو دەستەبەركردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلكارییەكان و، ھەنگاوەكانی داھاتووشمان لە كاتی خۆی دا رادەگەیەنین" مەكتەبی سیاسی پارتی وادەڵێت.