بڕیاری دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی ساڵێكی زانكۆ و پەیمانگاكان درا

01-12-2021 03:24

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی دەرچووانی ساڵی 2016 - 2017ی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم".

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، پاش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "ئەو قوتابییانە ژمارەیان نزیكەی 1378 قوتابییە و بڕیارەكە دوای دەركردنی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

جووتیار عادل ئاماژەی بەوەیش كرد كە "ئەمە وەجبەی دووەمە دادەمەزرێن، وەجبەی یەكەم نزیكەی 1390 قوتابیی یەكەم و دووەم و سێیەمی ساڵی 2015 - 2016 بوون كە دامان مەزراندن".

بڕیاری دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكان لە كۆبوونەوی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا دراوە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا هاتووە "تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی كوڵێج و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە لە لایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو".

"ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری دا كە لە سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن"، لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بڕیاری دامەزراندنی سێ‌ یەكەمەكان پاش ئەوە دێت كە چەندین جار ئەو خوێندكارانە خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بۆ داواكاریی دامەزراندنیان كە مافێكی یاسایی خۆیانە.

بە دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی هەرێم بۆ ساڵی 2016 - 2017، سێ‌ یەكەمەكانی چوار ساڵی خوێندنی دیكە دەمێنن كە دانەزراون.