وەزارەتی پەروەردە ڕێكارەكانی دەوامی لە ناوەندەكانی خوێندن دیاری كرد

13-09-2021 12:20

پەرەگراف

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك ڕێكاری بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن دەركرد. وەزارەتەكە دەڵێت "ماسك پۆشین بۆ ستافی كارگێڕی، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و خوێندكاران لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن ئیلزامییە و لە حاڵەتی سەرپێچیدا دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا بۆ گرتنەبەری ڕێكاری كارگێڕیی پێویست".

لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، كەركووك - بەشی خوێندنی كوردی)ی كردووە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "بە مەبەستی پاراستنی ستافی كارگێڕی، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و خوێندكاران و بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندندن، پێویستە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ‌ بكرێن".

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەڵێت "وەكوو قۆناغی یەكەم، وەزارەتی پەروەردە دوو ملیۆن و 500 هەزار ماسك، 50 هەزار پاككەرەوە (معقم)ی بۆ ناوەندەكانی خوێندنی حكومی دابین كردووە، دەبێت بەسەر ناوەندەكانی خوێندندا دابەش بكرێت بۆ ستافی كارگێڕیی قوتابخانە و مامۆستایان".

بەپێی خاڵێكی دیكەی ڕێكارەكان "وەزارەتی تەندروستی لە دابینكردنی ڤاكسین و تایبەتكردنی سەنتەرەكانی پێدانی ڤاكسین ئەركی خۆی جێبەجێ كردووە، پێویستە بە بەرنامەیەكی كاراتر هەماهەنگی بكرێت و لەپێناو پاراستنی ستافی كارگێڕی و دەستەی وانەوتنەوە (مامۆستایان) ڤاكسین وەربگرن".

"پاش بڕیاری كردنەوەی فرۆشگای قوتابخانەكان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكرێت، ئەو بەڕێزەی لە فرۆشتگا كار دەكات، ڤاكسین وەربگرێت و ماسك بپۆشێت"، وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.

نوێ دەكرێتەوە...