پەرەگراف
لە دوای 8ی تەمموزو گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بۆ یەكەمجار بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بە ئاشكرا قسە لەسەر دۆخی ئەو حزبە دەكات.
لە میواندارییەكدا لە سەرگەڵوو كە تێیدا بەرپرسانی یەكێتیو قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ئامادەبوون، بەرهەم ساڵح باس لە چاكسازیی لەناو یەكێتیو سەرخستنی هاوپەیمانییەكەی یەكێتیو گۆڕان دەكات.
"دەكرێت چاكسازییەكان بگەنە ئەنجامێكی وا یەكێتی بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی، دەشكرێ و قابیلی كردنە" بەرهەم ساڵح وادەڵێت، ڕووەو ئامادەبووان دەشڵێت: دەوری ئێوەشی دەوێت، ھەموومان خاوەنی یەكێتین و ھی ئەوە نییە دەستبەرداری ئەو مێژووە پڕ سەروەری و داھێنانە گەورانەی یەكێتی ببین.
ئەو وتانەی بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە ماڵی مام جەلال گۆڕانکارییەکان بە "چاکسازیی" و لاھور شێخ جەنگی و لایەنگرانیشی بە "پلانگێڕی و کودەتا" ناوی دەبەن، پەرەگراف پێشتر لە بنكۆڵكارییەكدا ئەوەی ئاشكرا كرد، ڕۆژی 8ی تەمموز كە ناكۆكییەكانی نێوان بافلڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی تەقینەوە، بەرهەم ساڵح گەڕایەوە بۆ مێرگەپانو خۆی لەگەڵ ماڵی مام جەلال یەكلایی كردەوەو پشتی كردە لاهور شێخ جەنگی.
ئەو ڕۆژە "بافڵ تاڵەبانی جوابی بۆ ناردووە خۆی یەكلایی بكاتەوە ئایا لەگەڵ ئەودایە یان لاهور؟ ئەویش خۆی لەگەڵ ئەوان یەكلایی كردووەتەوەو پشتی لاهوری نەگرتووە"، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكی بەهێزی هەبوو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، لاهور ڕۆڵی سەرەكی هەبوو تا بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆككۆماری عێراق.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی میواندارییەكەی سەرگەڵوو، كە تێیدا بەرهەم ساڵح قسە دەكات، پشتیوانیی خۆی بۆ هاوپەیمانییەكەی یەكێتیو گۆڕان دەردەبڕێت.
"لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی و هاوپەیمانی دەبێت سەركەوتووبن، پێویستی بە هاوكاریو پشتیوانی یەك بە یەكی ئێوەیەو دەتوانن دەوری گەورەی تێداببینن. هەریەكەتان ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن بەدیلی یەكێتی و هاوپەیمانیی كێیە؟" بەرهەم ساڵح ڕووەو ئامادەبووان وادەڵێت.
هاوپەیمانی كوردستان بە دروشمی "بەیەكەوە بەهێزترین" بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكردووە، بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان كە بۆ هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی جێناكۆكە، لە كۆی 43 كاندید، گۆڕان حەوت كاندیدی هەیە لەناو هاوپەیمانییەكەدا؛ چوار لە سلێمانی و دوو لە ھەولێر و یەك لە كەركوك.