پەرەگراف
وەزیری تەندروستی داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات، گومانیان لە هەركەسێك هەیە كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت بەتایبەت كە لە وڵاتانی دەرەوە گەڕابێتەوەو نیشانەكانی تێدابێت، با دەستبەجێ پەیوەندییان پێوەبكرێت تا تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرا بگەنەلای ئەو كەسەو بیخەنەژێر چاودێرییەوە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، چەند ژمارە تەلەفۆنێك لەسەرجەم شارەكان ڕادەگەیەندرێت وەك هێڵی گەرم بۆ پەیوەندیی كردنو تیمی گەڕۆكی وەڵامدانەوەی خێرایان بۆئەو مەبەستە دروست كردووە.
وەزیری تەندروستی وتیشی"باشترینو گرنگترین ڕێگای خۆپارێزی لەكاتی ئێستادا دۆزینەوەی حاڵەتو گومانلێكراوێكە، لەكاتی دۆزینەوەی هەر حاڵەتو گومانلێكراوێك دەتوانم بڵێم ئەوە ڕێكارێكی گرنگە، چونكە ئەگەر نەخۆش هەبێتو نەیدۆزینەوە ئەوە باش نییە، ئەگەرنا دۆزینەوەی حاڵەت یەكێكە لە ڕێكارە هەرە گرنگەكانو بەشێكی گەورەی بەرنامەی خۆپارێزییە بۆئەوەی ئەو نەخۆشە دووربخرێتەوە لە خەڵكو چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت".
وەزیری تەندروستی تەئكیدی لەوەش كردەوە، تائێستا هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوەو هیچ گومانلێكراوێكیش نییە، ئاماژەی بەوەش كرد، لە 13 شوێن لە هەولێرو سلێمانیو دهۆك كەرەنتین بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكرێت كە لە ئێران گەڕاونەتەوە، تا درەنگانی شەوی ڕابردووش هەزارو 249 گەشتیار لە ئێران گەڕاونەتەوەو لە ژێر چاودێرییدان.
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 28 وڵاتی جیهان تۆمار كراوەو ئێران پلەی یەكەمی هەیە لە زۆریی تووشبووانو مردن بە ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كەسانەی كە لە ئێران دەگەڕێنەوە هەرێم بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە ژێر چاودێرییدا دەمێننەوە لەو شوێنانەی بۆیان دابینكراوە، لەبارەی نیگەرانیی لە خراپیی خزمەتگوزاریی ئەو شوێنانە سامان بەرزنجی باسیلەوەكرد لە هەوڵی ئەوەدان باشتریان بكەن.
هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەرو سنورەكانی بە ڕووی ئێراندا داخستووە، لە نەخۆشخانەكان چەند شوێنێكی تایبەت دیاریی كراون بۆ ئەو نەخۆشییەو وەزیری تەندروستی وتی، لەكاتی زۆربونی حاڵەتەكان پلانی دیكەشیان داناوە.