سەرمایەدارانی سلێمانی بە كردار دڵنیاییان لە بافڵ تاڵەبانی دەوێت

14-08-2021 04:47
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

پەرەگراف

سەرمایەدارو خاوەن كۆمپانیاو پڕۆژەكان لە سلێمانی، بە كردار دڵنیاییان دەوێت لەبارەی؛ دەستتێوەرنەدان، نەهێشتنی شەراكەتی بەزۆر و سەرانەسەندن‌و قۆرخكاریی، كە ئەمانە بەڵێنی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بوون لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموزو گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی.

لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموز كە بەھۆیانەوە لاھور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، ماڵی مام جەلال دروشمی ئەنجامدانی چاكسازیی و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و یاساشكێنییان بەرزكردووەتەوە.

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، دەستی بەسەر كۆمپانیای قونسوڵی لاهور شێخ جەنگیدا گرت بە پاساوی ئەوەی بە پارەی یەكێتییەوە سەرمایەگوزاریی كردوەو دەبێت بگەڕێتەوە بۆ یەكێتی.

ئەو كۆمپانیایەی سەربە لاهور شێخ جەنگی، لە چەندین بواردا كاری كردووەو هاوبەشیی هەیە لە چەند پڕۆژەیەكیشدا لەگەڵ سەرمایەدارو خاوەنكاران، گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی ئەو سەرمایەدارو خاوەنكارانەی "دوودڵ" كردووە لە پڕۆژەكانیان.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، "ئێستا كارەكانی كۆمپانیای قونسوڵ ڕوبەڕوی كۆمپانیای نۆكانی سەربە ئیدارەی گشتیی یەكێتی كراوەتەوەو ئەوان گفتوگۆ لەگەڵ سەرمایەداران دەكەن لەبارەی ئەو پڕۆژانەی لەگەڵ كۆمپانیای قونسوڵ هەیانە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتیشی "یەكێتی لە ئاستی باڵاداو لە زاری كاك بافڵ‌و كاك قوبادەوە تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە كە مافی كەس پێشێل ناكرێت‌و دادپەروەردانە مامەڵە لەگەڵ هەموولایەك دەكەن، ئێستا سەرمایەداران چاویان لەوەیە ئەو بەڵێنانە بە كردار ببینن".

لەماوەی ڕابردوودا بەشێك لە سەرمایەدار‌و خاوەنكاران ڕەخنەو گلەییان لە دەستێوەردان‌و قۆرخكاریی‌و سەرانەسەندن هەبوو بەتایبەت لە سلێمانی، بۆئەوەش پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكێتی‌و بەرپرسانی ئەو حیزبە ڕادەكێشا، بەڵام لەم دۆخە نوێیەی یەكێتیدا سەرمایەداران لەگەڵئەوەی هیوایەكی نوێیان هەیە، هاوكات هێشتا لایان ڕوون نییە ئایا بە كردار چاكسازیی لە بازاڕی كاردا دەبینن‌و ئەو دروشمانەی ماڵی مام جەلال بەرزیان كردووەتەوە دەبن بە كردار لە ئەرزی واقیعدا؟.

سەرمایەدارێكی سلێمانی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕاگەیاندن‌و لە كۆبوونەوەكانیشدا لەگەڵ هەندێك لە سەرمایەداران، بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی چەندینجار تەئكیدیان كردوەتەوە كە دەستتێوەردان‌و قۆرخكاری‌و سەرانەسەندن ناهێڵن، ئێستا ئێمە چاومان لەوەیە دروشمەكان ببن بە كردارو بە فیعلی بازاڕ ئازاد‌و بێدەستتێوەردان‌و فشارو قۆرخكاریی بێت".

ئەو سەرمایەدارە وتیشی "گۆڕینی ناوی كەسەكان‌و ئەو كۆمپانیا حزبییانەی كە شەراكەت دەكەن لە ئەحمەدەوە بۆ مەحمود هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، ئەگەر هەمان سیاسەت‌و زوڵمی ڕابردوو پەیڕەو بكرێتەوە، ئێمە هیوادارین وانەبێت".

ئەو سەرمایەدارە تەئكیدی لەوە كردەوە، ئەگەر كەشێكی نوێی دادپەروەرانە بڕەخسێنرێت، سەرمایەدارو پارەداری زۆر هەن كە دەیانەوێت سەمایەگوزاریی لە سلێمانی بكەن‌و ئەو شارە بووژانەوەیەكی گەورەی ئابوریی بەخۆیەوە دەبینێت‌و پڕۆژەی گەورەو گرنگی تێدا ئەنجام دەدرێت.

لە دوای گۆڕانكارییەكانی 8ی تەمموزەوە، ماڵی مام جەلال لە كۆڕوكۆبوونەوەو پەیامە میدیاییەكانیاندا بەو ئاڕاستەیە قسە دەكەن كە ئەو خراپەكارییانەی لە ڕابردوودا لە كەرتە جیاوازەكاندا ڕوویانداوە، "ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی لێی بەرپرس بوون‌و دەستی ئەوانی تێدا نەبووە".

ئیستا كە دەسەڵاتی تەواوی یەكێتی وەك حیزب لە دەستی بافڵ تاڵەبانی‌و وەك حكومەتیش لە دەستی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانە، خەڵك‌و خاوەنكارانی ئەو زۆنەی یەكێتی تێیدا باڵادەستەو بە "زۆنی سەوز" ناودەبرێت، چاویان لەوەیە گۆڕانكاریی لە ئەرزی واقیعدا ببینن‌و بۆ هەر باشی‌و خراپییەكی لەمەودوا ڕووی قسەیان لە ماڵی مام جەلال دەبێت.