پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی ئەنجام دا و یازدە "بڕیار و ڕاسپاردە"ی بۆ چارەسەركردنی هەنووكەیی كێشەكە دەركرد.
دەقی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی٢٠٢١/٨/١٢، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە دەستپێشخەری سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كارەبا، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، پارێزگارەكان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ڕاوێژكاران و بۆردی پڕۆژەكان تیایدا ئامادەبوون، ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوە دران:
١- وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ڕاسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەك بكات لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی كارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوەندی یاسایی و ڕاوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەكان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەك بۆ ستراتیژی ڕووبەڕووبونەوەی كەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی كۆبوونەوە بەشێوەیەكی خولی و مانگانی جارێك.
٢- تەرخانكردنی گوژمەی ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەكانی ٨-٩-١٠ و پێدانی دەستەڵاتی خەرجكردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.
٣- پابەندكردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەكدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەكانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەك و ڕاپۆرتێك ئامادە بكات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ٤ و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای كۆمپانیاكان لە جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەداركردن (تمویل).
٤- پابەندكردنی وەزارەتی كارەبا لەماوەی دوو ڕۆژدا بۆ ئەوەی دیراسەیەك ئامادە بكات بە مەبەستی دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ بیرەكانی ئاوی خواردنەوە.
٥- پابەندكردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەكردن و دابینكردنی ئالیات و تانكەر و هەماهەنگی كردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەكانەی كێشەی كەمی ئاویان هەیە.
٦- پابەندكردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك كە تیایدا دیراسەیەكی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەكانی ئاو و پێداویستییەكانی چاككردنەوەی پڕۆژەكانی ئاو و خەزانەكانی ئاو و كۆكردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێك دایە و ئاستەنگەكانی چین، لە ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بكەنەوە.
٧- ڕاسپاردنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەكانی دروستكردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
٨- ڕاسپاردنی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی كارەبا، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بۆ دیراسەكردنی ئەوەی تا چەند سوود لە بەنداوەكان وەردەگرین بۆ كارەبا.
٩- ڕاسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەگەڵ هەریەكە لە وڵاتانی توركیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو.
١٠- پابەندكردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ هۆشیاركردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و كارەبا بە هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشت و گوزار و كارەبا و ئەوقاف و كاروباری ئایینی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی.
١١- ڕاسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی كاركردن و هەماهەنگی كردن لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠٢١/٨/١٣