فەیسبووك بە مەرج و ڕێكاری تایبەت بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق لەناو تۆڕەكەیدا ڕێك دەخات

13-08-2021 08:57

پەرەگراف

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن لە عێراق، فەیسبووك هەڵدەستێت بە دانانی یاسا و پلانی تازە سەبارەت بە ڕیكلامی سیاسی و بانگەشەی دەنگدان، بۆ بەرچاوڕوونی و بەردەستخستنی شەفافیەتی زیاتر بۆ بەكارهێنەران. 

بۆ دابینكردنی شەفافییەت و كۆنترۆڵی زیاتر لەسەر ڕیكلامی هەڵبژاردن و سیاسی، فەیسبووك ئامراز و یاسای نوێ لە عێراقدا دەردەكات، پێش هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی عێراق.

كۆمپانیاكە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، تا كۆتایی ئەم مانگە هەر كەسێك لە فەیسبووك یان ئینستاگرام ڕیكلام بكات سەبارەت بە كەسایەتی سیاسی، لایەنە سیاسییەكان یان هەڵمەتەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن لە عێراق، دەبێت بە پرۆسەی ڕێگەپێداندا تێپەڕێت.

پێش ئەوەی هیچ شتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بكرێتەوە، دەبێت سەرەتا دڵنیا بكرێتەوە لە باوەڕپێكراویی بەكارهێنەر، ئەویش بە بەكارهێنانی ناسنامەیەكی وێنەدار كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەرچووە.

فەیسبووك وتیشی "ڕیكلامەكان لەبارەی هەڵبژاردن و سیاسەتەوە تەنها ڕێگەپێدراو دەبن لەلایەن ئەو كاسانەی كە ڕێكلام دەكەن و ڕێگەیان پێ دراوە لەناو وڵاتەكەدا".

تارا فیشباخ، بەڕێوەبەری سیاسەتی گشتیی فەیسبووك بۆ شام، دەڵێت "ئێمە پێمان وایە شەفافیەتی زیاتر دەبێتە هۆی زیادبوونی لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتیی هەردوو لا، فەیسبووك و بانگەشەكارەكان".

بەڕێوەبەری سیاسەتی گشتیی فەیسبووك بۆ شام  وتیشی "كارەكانمان بۆ هاوكاری كردن لە پاراستنی هەڵبژاردن هەرگیز جێبەجێ نەكراون، بەڵام گۆڕانكاری لەم جۆرە بەردەوام بە ئاراستەیەكی ڕاستدا دەمانجوڵێنێت"

فەیسبووك جەخت لەوە دەكاتەوە كە بانگەشەكاران پێویستە زانیاری بدەن لەسەر ڕیكلامەكانی هەڵبژاردن و سیاسەت لە عێراق لەگەڵ "پارەدان بە" بانگەشەكەر.

هەروەها بەپێی خزمەتگوزارییە تایبەتەكانی فەیسبووك بۆ هەڵبژاردنی عێراق، ئەو كەسی سەیری ڕیكلامێك دەكات دەتوانێت كەسی بانگەشەكەریش ببینێت.

هەروەها لە خانەی ڕیكلامی فەیسبووك ڕیكلامی هەڵبژاردن و سیاسەت لە عێراق دەكرێت بە ئەرشیف، بۆ ئەوەی هەموو لایەك ببینن چ بانگەشەیەك بەڕێوە دەبرێت، چەند خەرج كراوە و چەند بینەری هەبووە. لەو ئەرشیفەدا ڕێگەی ئەوەشت پێ دەدات سێرچ بكەیت و ئەرشیفەكە بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەمێنێتەوە.

لە پاڵ ناساندنی ئامڕازی شەفافیەتی ڕیكلام، كە لە 195 وڵاتدا هەیە، كۆمپانیا تایبەتمەندییەك زیاد دەكات كە كۆنترۆڵی زیاتر دەدات بە بەكارهێنەران لەسەر ئەو ڕیكلامەی لە فەیسبووك و ئینستاگرام دەیان بینێت.

فەیسبووك دەڵێت "ئەو هەڵبژاردەیە دەدرێتە بەكار‌هێنەران كە كەمتر ڕیكلامی هەڵبژاردن و سیاسی ببینن، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە بانگەشە دەكەن، بۆ ئەوەی كەمتر دەربكەون لەناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكەیان".