پەرەگراف
حکومەتی ھەرێمی کوردستان چوار ملیار دیناری خەرج کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ پارێزگای ھەولێرە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، بڕی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ بەرنگاربوونەوەی وشکەساڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان وەکو هەنگاوی یەکەم خەرج دەکرێت، ئەوەش لەسەر بودجەی گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگاکان.
"پارێزگای هەولێر ٩٢٥ ملیۆن دینار. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین یەک ملیار دینار. پارێزگای دهۆک ٥٧٥ملیۆن دینار".
هەر بۆ هەمان مەبەست حکومەتی هەرێم، یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری خەرج کرد بە مەبەستی خێرا بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەمئاوی لەسنووری پارێزگای هەولێر.
ئەوە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێکە دانیشتوانی ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر، خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدەدەن بەھۆی کێشەی کەمئاوییەوە.
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، ھەڵمەتی دابەشکردنی ئاو بە تەنکەر بەسەر ژمارەیەک گەڕەکی ئەوشارەدا ئەنجامدرا.
پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: ماڵ بەماڵ، دەگەڕێین، ناخەوین، تا ئاو بۆ هاووڵاتیانی شاری هەولێر، دابین دەکەین، ئەمڕۆ لە رێگەی دەیان وسەدان تەنکەری ئاو، دەستمانکرد بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی دابەشکردنی ئاوی خاوێن، بۆ ماڵان، کە بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانی ناوچەکە، ئاو کەمیکردووە. جگە لەوەش بارانبارین پار ساڵ کەمبوو، بۆیە ئاستی ئاوی ژێر زەویش دابەزیوە.