یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئاڵا تاڵەبانی دووردەخاتەوەو دیلان غەفور لە شوێنی دادەنێت
پەرەگراف
یەكێتی بڕیاریدا، لەناو هاوپەیمانییەكەیدا لەگەڵ گۆڕان ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبە لە كاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دووربخاتەوە، لە جێی ئەو دیلان غەفور پەرلەمانتاری ئێستای یەكێتی دادەنرێت.
ئاڵا تاڵەبانی كاندیدی ژمارە 50 یە لە بازنەی یەك لە پارێزگای كەركوك، دیلان غەفور كاندیدی ژمارە 42 لە هەمان بازنەی كەركوكو بە شێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، بڕیارەكە لە كۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆی ئەندامە كەركوكییەكانی سەركردایەتیی یەكێتی "بەكۆی دەنگ" دراوە، قوباد تاڵەبانی كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی یەكێتیو گۆڕان دەكات بۆ هەڵبژاردن، "ڕەزامەندە بەو گۆڕانكارییەو دوورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی".
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە عێراق، دەرگای ئاڵوگۆڕی کاندیدی داخستووە، ھەربۆیە یەکێتی ناتوانێت ئاڵا تاڵەبانی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە دووربخاتەوە، بەڵام بڕیاری دوورخستنەوەکەی بەو واتایەیە کە وەک حیزب و لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕاندا بەشداریی بانگەشەی پێناکرێت و پشتیوانیی حیزبیی نابێت لە پڕۆسەکەدا.
ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدایە كە یەكێتی لە دوای 8ی تەمموزەوە ئەنجامیان دەدات، بەوپێیەی ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لاهور شێخ جەنگیی حسابە، بەوهۆیەوە دوورخراوەتەوە.
لە دوای 8ی تەمموزەوە كە ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی تەقینەوە، لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كردو زنجیرەیەك گۆڕانكاریی لەناو ئەو حیزبە دەستیان پێكردو بڕیارە گۆڕانكارییەكان بەردەوام بن.
ئەوانەی دوور دەخرێنەوە كەسانی نزیكو ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگین، تەنانەت هەندێك لەوانە دەدرێنە دادگاو دۆسیەی یاساییان بۆ دەكرێتەوە، تائێستاش فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند كەسێكیان دەرچووە.