ڕێکخراوی جاسەنە: ھێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی ھەولێر پەرەسەندنێکی مەترسیدارە
پەرەگراف
ڕێکخراوی جاسەنە بۆ داکۆکی لە ئازادی بیروڕا و میدیا، ھێرشکردنەسەر پەیامنێرانی کەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی ھەولێر کە لەلایەن موختاری گەڕەکێک و چەند کەسێکی دیکەوە ئەنجامدرا، ئیدانە دەکات و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دەکات و ئەو ڕووداوە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناودەبات.
جاسەنە لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە دەڵێت: بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ دەستدرێژیکردنەسەر رۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێکی دەوڵەت ناوزەد دەکرێت، هەربۆیە هەقە دەزگا داوەرییەکانی کوردستان و داواکاری گشتی ئەم پرسە بجووڵێنن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەستدرێژکاران بگرنە بەر.
دەقی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی جاسەنە
"هێرشکردنە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانبەری دەوڵەت لە کاتی کارکردندا"
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، رووداوی دەستدرێژیکردنەسەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵی ئێن و ئارتی و سپێدە لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ چوار شەممە ١١ ی ئابی شاری هەولێر بە دەستدرێژی بۆ سەر فەرمانبەری دەوڵەتی لەکاتی کردندا ناوزەد دەکات.
ئەمڕۆ لە کاتی رووپێوکردنی خۆپیشاندانی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، لەلایەن موختارێکی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و ژمارەیەک کەسی تری مەدەنیەوە هێرش کرایە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵ و دوای ئەوەی پەلامار دەدرێن و ئازار دەدرێن، دەستبەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیانشیاندا دەگیرێت.
رێکخراوی جاسەنە سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکات و دووپاتی دەکاتەوە بەپێی یاسایی رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ دەستدرێژیکردنەسەر رۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێکی دەوڵەت ناوزەد دەکرێت، هەربۆیە هەقە دەزگا داوەرییەکانی کوردستان و داواکاری گشتی ئەم پرسە بجووڵێنن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەستدرێژکاران بگرنە بەر.
هەروەها پارێزگاری هەولێر، بەرێز ئومێد خۆشناو لە لیدوانێکدا لەسەر رووداوەکە رایگەیاند کە " بە دڵنیایەوە لێپێچینەوە لەو موختارە دەکەین و لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون، هەم یاسا کاری خۆی دەکات و هەم ئێمەش رێکاری خۆمان دەبێت". رێکخراوی جاسەنە ئاواتە خوازە ئەم لێدوانەی پارێزگاری هەولێر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو تەنها لە بواری لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نەمێنێتەوە.
جاسەنە بە سەرنجەوە دەڕوانێتە دۆخی رۆژنامەوانان لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانەی کە خەسڵەتێکی ناڕەزایەتییان هەیە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی، لە رابردوودا لە ژمارەیەکی بەرچاو لەو خۆپیشاندانانەدا مافی رۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێشێلکراوە، بەڵام لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هەولێردا پێشێلکارییەکە لەلایەن موختار و ژمارەیەک کەسەوە کە بەرگی مەدەنیان پۆشیووە هێرشدەکرێتە سەر رۆژنامەنووسان، ئەمەش پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان، هەر بۆیە لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی ورد بە کارێکی پێویست دەزانرێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانەش لەسەر کار و ژیانی رۆژنامەنووسان نەبێتە دیاردەو بەری لێبگیرێت.
رێکخراوی جاسەنە رێکخراوێکی ناحکومی سەربەخۆیەو داکۆکی لە ئازادی بیڕوڕا و میدیا دەکات لە کوردستاندا و لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ەوە مۆڵەتی فەرمی لە رێخکراوە ناحکومییەکان وەرگرتووە.