پەرەگراف
لاھور شێخ جەنگی سوورە لەسەر یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی حیزبەکەی لە سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت: بە پێی پەیڕەو وپرۆگرام، نەک بە خۆسەپاندن و خواستی کەسیی.
ئەو وتانەی ھاوسەرۆکی یەکێتی لەمیانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ کونسوڵی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن بە "بێبنەما" لەقەڵەمیان دەدات و دەڵێت "ڕوونمان کردەوە کە سیناریۆ و چیرۆکی داتاشراون دەبیستین، دەبێت یاساسەروەر بێت و لە دادگا یەکلایی بکرێنەوە، ناکرێت چیتر بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆز، تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی بکرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە ھەر ئەمڕۆ، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ھەمان کونسوڵ، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەناوخۆی حزبەکەی ئەنجامدراون، ڕایگەیاند: هەموو ئەو گۆڕانكارییانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا. دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
"دەمانەوێت یاسا سەروەربێتو ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بكەین و ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین" بافڵ تاڵەبانی وای وت.
لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمموزو گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی کە بەھۆیانەوە لاھور شێخ جەنگی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی کردووە، ماڵی مام جەلال دروشمی ئەنجامدانی چاکسازیی و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و یاساشکێنییان بەرزکردووەتەوە.
لاھور شێخ جەنگیش لەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆیدا گوتویەتی، "هەرگیز دژی چاکسازیی نەبووین"، دەشڵێت "ئەوەی ڕوودەدات بە ناوی چاکسازییەوە گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی بە ڕێگایەکی ناشەرعی و لە دەرەوەی یاسا و پەیڕەوی حزبی".
لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموز، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگیو كەسە نزیكەكانی كراون، تائێستاش فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند كەسێك لە نزیكەكانی دەرچووە بۆ تۆمەتی جیاواز، لەوانەش د.میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو دوو برای لاهور شێخ جەنگی، بەڵام ئەو كەسانە هێشتا دەستگیر نەكراون.
ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بە تەواوەتی لاهور شێخ جەنگی دووربخەنەوەو لە حزبەكەیان دایببڕن، ھەربۆیە داوای جێهێشتنی كوردستانیان لێکردووە.