پەرەگراف
هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئەفغانستان بەدەست جەنگی نێوان سوپای وڵاتەكەیان و چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە گیریان خواردووە، ڕەخنەی زۆریان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە كە ئاوا چارەنوسی ئەوانیان خستووەتە دەست بزوتنەوەی تاڵیبان، بەجۆرێك بونەتە پارویەكی چەور بۆیان، بەتایبەت دوای پێشكەوتنی تاڵیبان لە چەندین ناوچەو دەستبەسەردا گرتنی چەند ویلایەتێك.
دواین شوێن كە بزوتنەوە تاڵیبان دەستی بەسەرداگرت، شاری فەندۆزە كە پایتەختی ویلایەتێكە بەهەمان ناو لەباكوری ئەفغانستان، چەكدارانی بزوتنەوەكەش لە هێرشەكانیان بۆسەر سوپا بەردەوامن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەند ناوچەیەكی دیكەدا بگرن.
پێشتریش چەكدارەكان پایتەختەكانی ساری پۆل و تەڵقانیان كۆنتڕۆڵكرد، شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەكانیش لە شارەكانی قەندەهار و لەشكرجا و هیرات بەردەوامن و تابێت توندتر دەبێت.
ئەو بەرەوپێشچونەی چەكدارانی تاڵیبان، دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی(ناتۆ) دێت لە وڵاتە، كە وایكرد حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان و هێزە چەكدارە فەرمییەكان لاوازبن بەرامبەریان و نەتوانن ڕوبەڕووی هێرشەكانیان ببنەوە.
بەرەوپێشچونەكەی تاڵیبان لەسەر خوێنی ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو شارانە بووە كە هێرشیانكراوەتە سەر، بۆیە ئێستا دانیشتوانی قەندۆز لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردا دەژین.
میحرابەدین حەكیمی، هاوڵاتیەكی ئەو شارەیە دەڵێت "دۆخەكە لە قەندۆز لە توانای دانیشتوانەكەی دەرچووە، تاڵیبان دەستیان بەسەر شارەكەدا گرتووە، چەكدارەكان دامەزراوە و شوێنە حكومییەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە".
حەكیمی باس لەوەدەكات، بازاڕ و شوێنی بازرگانیو ماڵی هاوڵاتیان بەهۆی بۆردومانی بەهێزی نێوان حكومەت و چەكدارەكانەوە وێرانبووە، تەنها بەشێكی نەخۆشخانەكان كاردەكەن ئەوانیش پڕن لە بریندار.
مەدەنییەكان درعێكی مرۆيین
نیریا هۆتاك دانیشتوی ویلایەتی نەمروزە لە باشوری ڕۆژئاوای وڵات، ئەو دەڵێت "چەكدارانی تاڵیبان هاوڵاتیانی مەدەنی وەك درعێكی مرۆیی بەكاردەهێنن" لەناوچەكە، "چەكدارەكان دەچنە سەر ماڵی هاوڵاتیان و داوا دەكەن خواردنیان بۆ بهێنن".
حەلیم سەدەف كەریمی ئەندام پەرلەمان لەسەر ویلایەتی گۆزجان لە باكوری ئەفغانستان ئاماژە بەوە دەكات، خەڵكەكە هیوایان نەماوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەستكەوتەكانی چەكدارەكان زۆر زیادیكردووە، "تاڵیبان هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەكات، هەمووان لە دڵەڕاوكێدا دەژین، تەنها مەدەنییەكان باجی هەموو شتێك دەدەن".
نیریا هوتاك جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی هێزە ئەفغانییەكان، "هیچ بەرگرییەكیان نەكردووە دژی تاڵیبان و شارەكەیان ڕادەستكردن"، لەبارەی بەرپرسە حكومییەكانیشەوە دەڵێت "ڕایانكرد بۆ ئێران، بەڵام ئەو بژاردەیە بۆ هاوڵاتییە مەدەنییەكان بەردەست نەبوو، ئەوان هاوڵاتییانیان بۆ ڕەحمی بزوتنەوەی تاڵیبان جێهێشت".
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەكوێیە؟
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە، بەهۆی بڕیاری كشانەوە لە ئەفغانستان، زۆر كەس پێیانوایە ئەو بڕیارە خێرابووە، بێ ئەنجامدانی ڕێكەوتننامەی ئاشتی بووە لەنێوان لایەنە ئەفغانییەكاندا.
دوای ڕاگەیاندنەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بە كشانەوە هێزەكانی لە ئەفغانستان لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، بزوتنەوەی تاڵیبان سەركەوت لە بەرەپێشچونەكانیدا و كۆنتڕۆڵی چەندین ناوچەی كرد.
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریكا دەیانوت هێزە ئەفغانییەكان توانای پاراستنی وڵاتەكەیان هەیە دژی تاڵیبان، بەڵام ئەنجامەكە لەسەر ئەرزی واقیع وانەبوو.
حەلیم سەدەف كەریمی، ئەندام پەرلەمانەكەی گۆزجان دەڵێت "بەدرێژایی چەند مانگی ڕابردوو داوامان لە حكومەتی ئەفغانستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد مەدەنییەكان بپارێزێت، بەڵام كەس گوێی بۆ نەگرتین".
"كۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی ئەفغانستانی لەئەستۆدایە، ئەوان شەرعیەتیاندا بە تاڵیبان كاتێك ڕێكەوتنی ئاشتییان لەگەڵداكرد، ئێستاش چەكدارەكانیان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن، كەچی كۆمەڵگی نێودەوڵەتی تەنانەت ئیدانەشی ناكات" كەریمی وادەڵێت.
ئەفعانستان.. جارێكی دیكە دەكەوێتەوە دەستی تاڵیبان؟
شارەزایانی دۆخی وڵاتەكە هۆشداری دەدەن لە كەوتنی یەك لەدوای یەكی شارەكان بۆ ژێر دەستی بزوتنەوەی تاڵیبان، ئەسەدوڵا نەدیم شارەزای سەربازیی لە كابول ئاماژە بەوەدەكات، ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەك ڕونەدات لە ماوەی چەند مانگێكدا كابولیش دەكەوێتە دەست چەكدارانی تاڵیبان.
"پێشبینی دەكەم لەئێستادا بزوتنەوەكە بیر لە گرتنی پایتەختی ویلایەتەكان بكاتەوە، چونكە هەر هێرشێك بۆسەر كابول، تاڵیبان ڕوبەڕوی وڵاتانی بیانی دەكاتەوە، چونكە هێشتا لە پایتەختی ئەفغانستان بونیان هەیە" نەدیم وادەڵێت.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، ئەمریكا موشەكی جۆری (B52) و فڕۆكەی (AC130) بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی ئەفغانستان لە ڕوبەڕوبونەوەی چەكدارانی تاڵیباندا بەكاردەهێنێت، بزوتنەوەكەش ڕەخنەی لەو هەنگاوە گرتووە و بە پێشێلكردنی ڕێكەوتنی نێوانیانی داناوە لەگەڵ ئەمریكا كە ساڵی ڕابردوو واژۆكرا.
شارەزا سەربازییەكە لەوبارەیەوە پێیوایە "هێزە ئەفغانییەكان گرفتی سیاسی و ئیدارییان هەیەو پێویستیان بە پشتگیری هێزی ئاسمانییە لە ناتۆوە، بەڵام پێشبینی ناكرێت ئەوان هیچ ڕۆڵێكیان هەبێت، تەنانەت هاوپەیمانەكانی دیكەی ئەفغانستانیش هیچ هەڵوێستیان نابێت".
لەلایەكی دیكەوە جۆل ئەڤرۆز ئیبتیكار كە خانمە بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانە، هیوای بە هێزەكانی ئەفغانستان هەیە كە دۆخەكە لە ئەفغانستان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
"كشانەوەی هێزە بیانییەكان كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئەمنی هەبوو، بەڵام من دڵنیام كابول ناكەوێتە ژێر دەستی چەكدارانی تاڵیبان" بەرپرسەكەی وەزارەتی ناوخۆ وادەڵێت.
ئەڤرۆز ئیبتیكار دەشڵێت "دۆخەكە هاوشێوەی ئەوەیە كە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا ڕویدا، كاتێك موجاهیدەكان وڵاتەكەیان كۆنتڕۆڵكرد، بەڵام ئەوەی جیاوازە لەو كاتەدا حكومەتی ئەفغانستان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری نەدەكرا".