چارەنووسی كەناڵەكەی لاهور شێخ جەنگی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی دا

10-08-2021 07:07

پەرەگراف

چارەنووسی كەناڵەكەی لاهور شێخ جەنگی بە ناڕوونی ماوەتەوەو ڕاجیایی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی دروست كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف دەڵێت "بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت كەناڵەكە سەربە حیزب بێت، قوباد تاڵەبانیش چاوی لەوەیە ببێت بە كەناڵێكی كەسیی نزیك لەخۆی، وەك؛ ڕووداو و كوردستان 24 كە سەربە نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانین، قوباد تاڵەبانی پێیوایە ئەگەر سەربە حیزب بێت لاواز دەبێت وەك كەناڵەكانی دیكەیان، ئەوكات ڕەنگە پێویست نەبێت هەیانبێت".

سەرچاوەكە دەشڵێت "بافڵ تاڵەبانی لەڕێی كەسێكی نزیك لە خۆیەوەو قوباد تاڵەبانیش خۆی ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ هیوا جەمال بەڕێوەبەری كەناڵەكە كردووەو باسی قۆناغی داهاتووی كەناڵەكەیان كردووە".

"كەناڵەكە بە پارەی ئیدارەی گشتی یەكێتی دروستكراوەو تا ئێستا دەوروبەری 15 ملیۆن دۆلاری تێچووە، مووچەو خەرجیی مانگانەیشی دەوری نیو ملیۆن دۆلارە" سەرچاوەكە وادەڵێت.

دامەزراوەی ئایپڵەس كە تۆڕێكی میدیاییە، خاوەنەكەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، بڕیاربوو بەمزووانە كەناڵە ئاسمانییەكەی دەست بە پەخش بكات، دامەزراوەكە نزیكەی مانگێكە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، بەرپرسانی یەكێتی لە گفتوگۆ ناوخۆییەكانی خۆیاندا ڕایان لەسەر ئەوەیە، ئەو دامەزراوەیە بخرێتەسەر مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی كە سەرجەم میدیاو دامەزراوە ڕاگەیاندنەكانی ئەو حیزبە لەژێر چەتری ئەو مەكتەبەدان‌و بەپێی سیاسەتی ئەو حیزبە كار دەكەن، بەوپێیەی ئایپڵەس بە پارەی یەكێتی دروستكراوەو هەرئەوەش پاساوی دەستبەسەرداگرتنی بووە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە.

لە چەند ڕۆژی سەرەتای دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەكەدا، كارمەندەكانی نێردرانەوە ماڵەوەو لۆگۆی كەناڵی گەلی كوردستان بە بینای ئایپڵەسەوە هەڵواسرا، بەڵام دواتر دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاوی نا.

كارمەندانی ئایپڵەس بەرچاویان ڕوون نییە چارەنووسی میدیاكەیان چی لێدێت، ئەوان چاوەڕێن بەڕێوەبەرەكەیان بگەڕێتەوە یاخود بەڕێوەبەری نوێ لە شوێنی دابنرێت‌و شێوازی كارو سیاسەتی میدیاكەیان بۆ ڕوون بكاتەوە.

سەرچاوەیەك لە ئایپڵەس بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئێستا هەمووشتێك وەك پێشووترە، تەواوی كارمەندەكان گەڕاونەتەوە سەركارەكانی خۆیان تەنها هیوا جەمال بەڕێوەبەری كەناڵەكە نەبێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "كارمەندەكان بە هەمان پۆست‌و مووچەكانی خۆیانەوە بەردەوامن لە كاركردن بە هەمان شێوازی پێشووتر".

13ی مانگی ڕابردو، بافڵ تاڵەبانی هێزی بەكارهێنا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەی ئایپڵەس، هەڵكوتانەسەر ئەو دامەزراوە میدیاییە، بافڵ تاڵەبانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ڕۆژنامەنووس‌و ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان كردەوە.

لە وەڵامی ڕەخنەكاندا میدیای نزیك لە بافڵ تاڵەبانی دانی بەوەدانا هێزەكە سەربە ئەو بووە، لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتییەوە بڵاویكردەوە، "خاوەندارێتی كەناڵەكە یەكێتی-یەو دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی. هەر كەناڵ و میدیایەك بە پارەی یەكێتی دروستكرابێت، موڵكی حزبە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ یەكێتی، ئەو هەنگاوەش لەو چوارچێوەیەدا بووە".