وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ھیچ كارێكی نایاسایی لە دەروازەكان نەكراوە
پەرەگراف
سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ئەو هێزانەی لە دەروازە سنورییەكان جێگیر كراون، ھیچ جۆرە كارێكی نایاسایی ئەنجام نەدراوە.
بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، دوێنێ هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ وڵاتی ئێران، جێگیر كران، بۆ "ڕێگری لە قاچاخچێتی".
سەمیر ھەورامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت "پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت و خودی قوباد تاڵەبانی بەردەوام لەسەر خەتە لەگەڵ ھێزەكانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ ئەوەی ڕێگری تەواو بكرێت لە ھەر یاسا شكێنییەك كە ئەگەری ڕوودانی ھەبێت".
وتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو هێزانەی جێگیركراون، توانیویانە ڕێگریی تەواو بكەن لە ھەر ھەوڵێكی قاچاخچێتیی.
"ھێزەكانی ئاسایش بەردەوام دەبن لە ئەركەكانیان و لە دەروازەكان دەمێننەوە. ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی چاكسازی و سەروەری یاسا و پارێزگاریكردن لە مافی گشتی" سەمیر هەورامی وادەڵێت.
ڕۆژی 7-1-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەرپێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان.
بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ھات و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە؛ ئەو ھێزە ھاوبەشە "دەسەڵاتی قانوونیی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری ناقانوونی لە سەرجەم دەروازەكان بەبێ جیاوازی".
حكومەتی هەرێم مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتیی سنوورەكان و ڕێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی لە دەروازەكان دا، سەرەتای ساڵی ٢٠٢١یش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی بۆ هەمان مەبەست دا، بەڵام هێشتا هیچكام لە بڕیارەكان جێبەجێ نەكراون.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان هەیە و هۆكاری بنەبڕنەكردنیشی ئەوەیە كە بەرپرسانی باڵا لە هەردوولا لە پشتی ئەم قاچاخییەوەن، بۆیە هەر ئەوانە خۆیان قاچاخییەكە ئەنجام دەدەن خۆیان ڕێگرن لە بنەبڕكردنی".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو كەلوپەلانەی كە هاوردە دەكرێن بە قاچاخ؛ جگەرە و هێلكە و مریشك و خواردەمەنی و نەمام و خورما و كەلوپەلی دیكەن، "كۆی گشتیی ئەم قاچاخییە و كاری كۆمپانیاكانیان نزیكەی١٧٠ ملیار دینار زەرەری لە حكومەت داوە، ئەو كەسانەشی قاچاخی دەكەن بەرپرسانی باڵا و دەسەڵاتداری هەردوولان و هێزە ئەمنییەكانیش كارئاسانییان كردووە".