دەستەی دەستپاكی: یەكلاكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی خاون و سزاكان سووكن

09-08-2021 04:49

پەرەگراف

لە ماوەی شەش مانگدا 54 كەیسی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە ڕەوانەی دادگاكانی هەرێم كراون، لەو ژمارەیە تەنیا پێنج كەیس یەكلایی كراونەتەوە. ئەو كەیسانەشی كە سزا دەدرێن، "سزاكان زۆر سووكن" و "كەرتی نەوت و گازیش لە دەرەوەی وردبینیی دامودەزگا چاودێرییەكانە"، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاكی.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت "لەناو سكاڵاكانی كەیسی گەندەڵیدا هەموو بەرپرسێكی تێدایە، لەوانە: وەزیری پێشوو، بریكاری وەزیر، ڕاوێژكار، بەڕێوەبەری گشتی، بەڵێندەر و تا فەرمانبەری ئاسایی".

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی ڕابردووی كار و چالاكییەكانی دەستەكەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند "لە 1-1- 2021 تا 30-6-2021، 53 سكاڵای هەواڵدەری تۆمار كراون (ئەو كەیسانەیە كە لێكۆڵەری دەستپاكی لێكۆڵینەوەی تێدا دەكات، بەڵام هێشتا نەخراوەتە بەردەم دادوەر)، بەوەش كۆی گشتیی سكاڵای هەواڵدەری گەیشتووەتە 277 سكاڵا".

هەروەها "ئەمساڵ 158 سكاڵای سزایی تۆمار كراون كە لەژێر سەرپەرشتیی دادوەری لێكۆڵینەوەدا لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت. بە كۆی گشتییش 445 سكاڵای سزایی لە هەرێمی كوردستان هەیە كە ئێستا لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی نەیشاردەوە كە "پرۆسەی یەكلاییكردنەوەی كەیسەكان خاوە"، ئەوەش بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیاری پێكهێنانی دادگایەكی تایبەت بە كەیسەكانی گەندەڵی، بەو هۆیەوە "ئێستا 128 كەیسی گەندەڵی لە دادگاكانی هەرێمدا ماون و چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەن".

حاكم ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوە كرد كە "حوكمدان لەسەر كەیسەكان ئیشی دەستەی دەستپاكی نییە" و ئەوان تەنیا لێكۆڵینەوە دەكەن تا كەیسەكە دەگاتە دادگا، بەڵام جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سزایانەی لە كەیسەكانی گەندەڵیدا دەدرێن "زۆر سووكن و بەشێكی زۆریش (وقف التنفیذ)یان تێدایە"، واتە جێبەجێكردنی سزاكەیان ڕاگیراوە.

"بۆ ئەوەی ئیشی زیاتر لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی بكرێت، دەبێت توانای دەستەی دەستپاكی چەندقات بكرێت، لە دابینكردنی فەرمانبەر و لێكۆڵەری زیاتر و كردنەوەی فەرمانگەكانی لێكۆڵینەوە لە قەزا گەورەكاندا. ئێمە 21 لێكۆڵەری دادیمان هەیە كە پێویستمان بە 100 بۆ 120 لێكۆڵەر هەیە"، حاكم ئەحمەد ئەنوەر وا دەڵێت.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی باسی لەوەش كرد كە ڕۆژانە زۆر زانیارییان بۆ دێت لەسەر هەندێك بابەت، هەندێكیان گەندەڵی و بەهەدەردانی داراییە، هەندێكیشی بابەتی كارگێڕییە، فەرمانگەی یاسایی لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە دەكات.

ئەمساڵ "45 بابەت دراوەتە فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاكی، حەوتیان بەڵگەی تێدا بووە و ڕەوانەی دادگا كراوە، 17یان لە وردبینیدان و 21یشیان بابەتی كارگێڕِی بوون و پەیوەست نەبوون بە كاری دەستەكەوە".

دەربارەی پڕكردنەوەی فۆڕمەكانی ئاشكراكردنی سامان لەلایەن بەرپرسانەوە، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، دەستەی دەستپاكی "995 فۆڕمی خولی یەكەم، 96 فۆڕمی خولی و 90 فۆڕمی كۆتایی" بۆ گەڕاوەتەوە.

سەرۆكی دەستەكە دەڵێت "پێشتر فۆڕمی ئاشكراكردنی سامان تا ئاستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی دەڕۆیشت، ئەمساڵ پاڵپشت بە یاسای دەستەی دەستپاكی، بڕیارێكمان دەركردووە كە پڕكردنەوەی فۆڕمەكە فراوان بكرێت و پۆستەكانی بەڕێوەبەری بانكە حكومییەكان، بەڕێوەبەری ناحیەكان، بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەكان، بەڕێوەبەر و بەرپرسی ژمێریاری لە دامودەزگاكانی هەرێم و خەمڵێنەری باجیش بگرێتەوە".