هێزی ئاسایش بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی جێگیر دەكرێن

08-08-2021 05:07

پەرەگراف

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ وڵاتی ئێران، جێگیر دەكرێن، بۆ "ڕێگری لە قاچاخچێتی". ئەمەش پاش حەوت مانگ لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پێكهێنانی هێزێك بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی دەروازە سنوورییەكان دێت كە تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە پەرگرافی وت "لە چوارچێوەی ڕێكارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشكێنی، لە سبەینێوە هێزی ئاسایشی هەرێم دەستبەكار دەبن لە دەروازە سنوورییەكان".

سەمیر هەورامی وتیشی "ئەمە بەشێكە لە بڕیارەكانی حكومەت بۆ چاكسازی و هەر كەسێك قاچاخچێتی و یاساشكێنی بكات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

بڕیارە ئەو هێزانە لە دەروازەسنوورییەكانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی دیكەی گومرگی جێگیر بكرێن.

ڕۆژی 7-1-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەرپێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان.

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ھات و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە؛ ئەو ھێزە ھاوبەشە "دەسەڵاتی قانوونیی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری ناقانوونی لە سەرجەم دەروازەكان بەبێ جیاوازی".

حكومەتی هەرێم مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتیی سنوورەكان و ڕێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی لە دەروازەكان دا، سەرەتای ساڵی ٢٠٢١یش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی بۆ هەمان مەبەست دا، بەڵام هێشتا هیچكام لە بڕیارەكان جێبەجێ‌ نەكراون.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان هەیە و هۆكاری بنەبڕنەكردنیشی ئەوەیە كە بەرپرسانی باڵا لە هەردوولا لە پشتی ئەم قاچاخییەوەن، بۆیە هەر ئەوانە خۆیان قاچاخییەكە ئەنجام دەدەن خۆیان ڕێگرن لە بنەبڕكردنی".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو كەلوپەلانەی كە هاوردە دەكرێن بە قاچاخ؛ جگەرە و هێلكە و مریشك و خواردەمەنی و نەمام و خورما و كەلوپەلی دیكەن، "كۆی گشتیی ئەم قاچاخییە و كاری كۆمپانیاكانیان نزیكەی١٧٠ ملیار دینار زەرەری لە حكومەت داوە، ئەو كەسانەشی قاچاخی دەكەن بەرپرسانی باڵا و دەسەڵاتداری هەردوولان و هێزە ئەمنییەكانیش كارئاسانییان كردووە".