كۆچ لە ڕێی لیتوانیا و بیلاڕووسیاوە؛ دۆسییەكی گەرم كە عێراق و ئەورووپای سەرقاڵ كردووە

08-08-2021 03:11

پەرەگراف

دۆسیەی تێپەڕینی كۆچبەرە عێراقییەكان بە لیتوانیادا و لە ڕێی بیلاڕووسیاوە، گرژی دەخاتە نێوان پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا و بیلاڕووسیا كە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆزە، ئەورووپییەكانیش داوا لە عێراق دەكەن سنوورێك بۆ كۆچی هاووڵاتییەكانی دابنێت بۆ لیتوانیا لە ڕێی بیلاڕووسیاوە.

لە ئێستادا عێراق لەگەڵ لاتیڤیا و لیتوانیا و یەكێتیی ئەورووپا گفتوگۆیەكی گەرم ئەنجام دەدەن، لەبارەی ئەو هەزاران كۆچبەرە عێراقییەی سنوورەكانی بیلاڕووسیایان بڕیوە و چوونەتە ناو خاكی یەكێتیی ئەورووپاوە.

ئەو كۆچبەرانە لە دۆخێكی خراپدان، سەرما و بارانبارین تەنگی پێهەڵچنیون، مانەوەی چارەنووسیشیان بە نادیاری هێندەی تر دۆخی قورس كردوون.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە كە تێیدا بەشێكی كۆچبەرەكان بۆ گەرمبوونەوەیان جلەكانی خۆیان لەسەر سنوورەكان دەسووتێنن.

یەكێك لە كۆچبەرەكان باس لەوە دەكات، ئەوان لە نێوان لیتوانیا و بیلاڕووسیا گیریان خواردووە، هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە ڕەتی دەكاتەوە پێشوازییان لێ بكات، دۆخیشیان بەهۆی باران و سەرماوە زۆر خراپە، ناچارن جلەكانیان بۆ خۆگەرمكردنەوە بسووتێنن بە جۆرێك خەریكە جلیان لەبەردا نامێنێت.

كاربەدەستانی بیلاڕووسیا ئاماژە بەوە دەكەن، هەندێك جار لیتوانیا كۆچبەرەكان دەگێڕێتەوە بۆ بیلاڕووسیا، ئەوەش وای كردووە لە ڕۆژی هەینییەوە پۆلیسی سەرسنوور ڕێوشوێنەكان توندتر بكات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی لیتوانیا كۆچبەرەكان نەگێڕنەوە بیلاڕووسیا.

گەڕانەوەی كۆچبەران نییە

لیتوانیا كە وڵاتێكی ئەندامی یەكێتیی ئەورووپایە، لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆری كۆچبەر لە عێراقەوە ڕوویان لێ‌ كردووە، بەو هیوایەی لەوێوە بگەنە وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەورووپا.

حكومەتی لیتوانیا، ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕووسیا، تۆمەتبار دەكات بەوەی كە هانی تێپەڕینی كۆچبەران دەدات لەو ڕێگایەوە، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سزاكانی یەكێتیی ئەورووپا لەسەر وڵاتەكەی، بە تایبەت دوای ناچاركردنی فڕۆكەیەك بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەكەی و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسێكی جیابووەوە لەو وڵاتە.

لۆگاشینكۆ ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی بۆ دەزگاكانی بەرگری و ئاسایش دەركردووە "مەتر بە مەتر سنوورەكان دابخەن"، بۆ ئەوەی هیچ كۆچبەرێك نەتوانێت لە لیتوانیاوە بگەڕێتەوە بیلاڕووسیا.

سەرۆكی بیلاڕووسیا لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری و ئاسایش وتویەتی "نابێت هیچ كەسێك لە لایەنی بەرامبەرەوە پێ بخاتە خاكی بیلاڕووسیاوە، جا لە باشوورەوە بێت یان خۆراوا".

عێراق گەشتكردن قەدەغە دەكات

بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە ڕۆژی هەینی بڵاو كراوەتەوە، ئاشكرای كردووە كە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، چەند پەیوەندییەكی لەلایەن جوزێپ بۆریل، نوێنەری باڵای سیاسەت و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپا و گابریلیۆس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا و ئێدگار ڕینكیڤیچ، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا بەدەست گەیشتووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت كە حكومەت چەند ڕێوشوێنێكی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان گەشت بۆ چەند وڵاتێك نەقۆزنەوە، هەرچەندە بەپێی یاسا هاووڵاتیی عێراقی ئازادە لەوەی گەشت بۆ هەرشوێنێك بكات.

بەپێی بەیاننامەكە "بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، مەترسییەكانی فراوانبوونی تۆڕی قاچاخچییەكان و شكانەوەی بە شێوەیەكی خراپ بەسەر گەشتیارە عێراقییەكاندا، دەچێتە خانەی تاوانەوە".

حكومەتی عێراق بۆ پاراستنی هاووڵاتییەكانی لە دەستی تۆڕەكانی قاچاخچێتی، بەشێوەیەكی كاتی گەشتەكانی بۆ بیلاڕووسیا ڕاگرتووە، بەڵام گەشتی گەڕانەوە لەوێوە بۆ بەغداد بەردەوامە.

وەزارەتەكە باسی لەوەش كردووە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەبارەی هەڵمەتی ڕۆشتنی ئەو عێراقییانە و كەوتنە داوی داهاتوویەكی نادیار و پڕ مەترسی.

گازی سەگەكان

لیژنەی فەرمیی سنوورەكانی بیلاڕووسیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە "پاسەوانی سنوور سەرجەم ئامرازەكان بەكار دەهێنێت بۆ ڕێگری لە بەزاندنی سنوور بە شێویەكی نایاسایی". لە بەرانبەردا لیتوانیاش ئەو هاووڵاتیانە دەگێڕێتەوە كە دەچنە سنوورەكانیەوە بە مەبەستی چوون بۆ وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەورووپا.

لیژنەكە دەڵێت "گرووپێكی تەكنیكی پێكهاتووە كە بەدرێژایی سنوور دەسوڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە گێڕانەوەی كۆچبەران لەلایەن لیتوانیاوە".

كاربەدەستانی بیلاڕووسیا جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی، ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی ئەم هەفتەیە بە مەبەست لە لیتوانیاوە دەركراون و گەڕێندراونەتەوە بیلاڕووسیا، چەند برینێكیان پێوە بووە، لەنێویشیاندا شوێنی گازی سەگ، بۆیە براونەتە نەخۆشخانە.

بیلاڕووسیا باسی لەوەش كردووە كەسێك بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە لە شارۆچكەیەكی سەرسنوور گیانی لەدەست داوە، بەڵام لیتوانیا ئەوەی ڕەت كردەوە و بە "پڕووپاگەندەی ڕژێمی بیلاڕووسیا" ناوی بردووە.

لیتوانیا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی لە سێ ملیۆن كەس كەمترە، كۆمەڵێكی زۆر بەربەستی بە درێژایی سنوورەكانی لەگەڵ بیلاڕووسیا داناوە كە 679 كیلۆمەترە.

پۆڵەنداش هەمان گرفتی هەیە

تەنها چوار هەزار و 100 هاووڵاتیی عێراقی لە سنوورەكانی بیلاڕووسیاوە چوونەتە لیتوانیا، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بچنە وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەورووپا و مافی پەنابەرێتی وەربگرن.

لای خۆیانەوە كاربەدەستانی پۆڵەندا، بیلاڕووسیا تۆمەتبار دەكەن بەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەران ڕەوانەی وڵاتەكەیان دەكات، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ لیتوانیا دەیكات.

ماسیج فاسیك، جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا، باسی لەوە كردووە كە بیلاڕووسیا كۆچبەران وەك چەكێكی مرۆیی بۆ جەنگ بەكار دەهێنێت.

فاسیك بە دەزگا ڕاگەیاندنەكانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە، ئەو هەنگاوانە وەك تۆڵەكردنەوەیەك وایە، چونكە یارمەتیی كرستیسینا تسیمانۆسكایا، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ئۆڵۆمپیادی بیلاڕووسیایان داوە تاوەكو بگاتە پۆڵەندا، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆڵەكردنەوە نەبێتەوە لە وڵاتەكەی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی لەگەڵ ڕاهێنەرەكەی لە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ كێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

جێگری وەزیری ناوخۆی هۆڵەندا باسی لەوەش كردووە كە ژمارەیەكی كەمتری كۆچبەر لە بیلاڕووسیاوە دەچنە پۆڵەندا، چونكە سنوورەكانیان پاسەوانی باشتری هەیە، بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا كە ژمارەكە زۆر زیادی كردووە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕووسیا، بڕیاری دا دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر مردنی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە بكاتەوە كە لەسەر سنوور لەگەڵ لیتوانیا گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە عێراقییە لە ناوچەی میدینینكای سەر سنووری لیتوانیا بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا. كەناڵی پۆڵ بیرفۆگۆ لە تەلەگرام باسی لەوە كردووە، هاووڵاتییەكە لەبەردەم پاسەوانەكانی سنوور گیانی لەدەست داوە كە لە لیتوانیا گەڕابوەوە ئەو وڵاتە، ڕاستەوخۆش سەرۆكی بیلاڕووسیا لە ڕووداوەكە ئاگادار كراوەتەوە.