چەندین بەرپرسی حزبی‌و حكومی لە سلێمانی دەدرێنە دادگا

08-08-2021 02:55

پەرەگراف

چەندین بەرپرسی باڵای حزبی‌و حكومیی لە سلێمانی كە لەسەر پشكی یەكێتی پۆستیان وەرگرتووەو بەشێكیان لە دامودەزگا ئەمنییەكاندان، دەدرێنە دادگاو دۆسیەی یاساییان بۆ دەكرێتەوە.

ئەو هەڵمەتە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیدایە كە بەهۆی تەقینەوەی ناكۆكیی نێوان هاوسەرۆكانی ئەو حیزبە لە 8ی تەمموزەوە هاتوەتەئاراوە، هێشتا دیارنییە هەڵمەتەكە كەسانی نزیك لە ئاڕاستەی ماڵی مام جەلال دەگرێتەوە، یاخود تەنها گۆزەكە لەسەری ئەوانەدا دەشكێت كە لەسەر لاهور شێخ جەنگی حساب دەكرێن.

پەنابردنەبەر دادگا، لوتكەی دەسەڵاتی یەكێتی گرتووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی خۆی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووەو سكاڵای یاسایشی لەسەر هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی تۆمار كردووە.

بەپێی زیاتر لە دوو سەرچاوەی ئاگادار كە بۆ پەرەگراف قسەیان كرد، ئەو بەرپرسانەی تائێستا ناویان هەیە كە دۆسیەیان لە دادگا بۆ بكرێتەوە، "سەرجەمیان نزیكن لە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسی نزیكی ئەوبوون".

سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار دەڵێت "دۆسیەكان لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە دەجوڵێندرێن، بەڵام سكاڵاكان لایەنی حزبیی تۆماری ناكات، بەشێكیان ئەو كەسانە تۆماری دەكەن كە غەدریان لێكراوەو لە ڕابردوودا بە هۆكاری جیاواز پەنایان بۆ دادگا نەبردووە، بەشێكی دیكە لە سكاڵاكان لەلایەن داواكاری گشتییەوە دەجوڵێندرێن‌و پەیوەندییان بە موڵك‌و ماڵی گشتییەوە هەیە، هەندێكیشیان سكاڵای كۆنن‌و زیندوو دەكرێنەوە".

لەدوای 8ی تەمموزی ئەمساڵەوە كە ماڵی مام جەلال وەك قۆناغێكی نوێ‌و بۆ "یەكێتییەكی نوێ" لە قەڵەمی دەدەن، بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی چەندجارێك ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە ڕوبەڕوی گەندەڵیی‌و گەندەڵكاران‌و یاساشكێنان دەبنەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەو هەڵمەتە بەڕاستیی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی‌و گەندەڵكارانە، یاخود تەنها لێدانە لە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و لاوازكردنی؟.

ئایا تەنها ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسانی نزیك لە ئەو "گەندەڵیی‌و یاساشكێنی"یان كردووە؟ پەرەگراف ئەم پرسیارەی ڕوبەڕوی چەند بەرپرسێكی یەكێتی كردەوە، ئەوان كە نایانەویت بەهۆی هەستیاریی بابەتەكەوە ناویان بهێنرێت، سەرجەمیان باسیان لەوەدەكرد، نەخێر تەنها ئەوان نین‌و زۆرینەی بەرپرسان‌و كەسانی نزیكیان لە گەندەڵییەوە گلاون.

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی دەڵێت "هەقوایە ماڵی مام جەلال لە دەوروپشتی خۆیان‌و ئەو بەرپرسانەوە دەستپێبكەن كە ئێستا پشتیوانیانن لە دژی كاك لاهور، ئەو كاتە دەتوانن سەرنجی خەڵك‌و جەماوەر بۆ خۆیان ڕابكێشن‌و بیسەلمێنن كە ڕوبەڕوی گەندەڵی دەبنەوە نەك تەنها كۆمەڵەكەسێكی دیاریكراو".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بافڵ‌و قوباد تاڵەبانی خۆیان زۆر باش دەزانن لە نزیكی خۆیان‌و بەرپرسانی دیكەش زۆر كەس لە گەندەڵییەوە گلاون‌و یاساشكێنییان كردووە، بەڵام هێشتا دەستیان بۆ نابەن.

لەبارەی هۆكاری ڕوبەڕوی نەبوونەوەی ئەو كەسانەوە، بەرپرسەكەی یەكێتی وتی "ڕەنگە ماڵی مام جەلال نەیانەوێَت لە ئێستادا بەرەیەكی دیكەی شەڕو ناكۆكیی لە خۆیان بكەنەوەو تەركیزی تەواویان لەسەر لاهوری شێخ جەنگی‌و براكانیەتی، نازانرێت ئایا لە داهاتوودا ڕوبەڕوی بەرپرسانی دیكەش دەبنەوەو دۆسیەو بەڵگەكانیان دەدەن بە دادگا یاخود نا".

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتی پەنابردنە بۆ دادگا، "دوو برای لاهور شێخ جەنگی‌و كوڕی سەرمایەدارێك‌و بەرپرسێكی ئەمنیی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، ئەوان لەلایەن بازرگانێكەوە بە تۆمەتی ڕفاندن‌و داگیركردنی موڵك‌و ماڵ سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە، ئەو بازرگانە پێشتر نزیكبووە لە خۆیانەوە".

لەو دۆسیەیەدا تەنها یەكێك لە تۆمەتباران دەستگیركراوە لە دوانیوەڕۆی 29-7-2021 ئەو كەسەش ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێمانییە بە پلەی ڕائید.

هاوكات 10 ڕۆژە لەلایەن دادگای دەستپاكییەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ د.میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی سلێمانی دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستگیر نەكراوەو فەرمانەكەی جێبەجێ نەكراوە.

سكاڵاكەی سەر ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەلایەن داواكاری گشتییەوە جوڵێنراوە، پەیوەندیدارە بە "بەهەدەردان‌و سوودمەندبوونی ناڕەواو ساختەكاریی كە تێیدا پارەیەكی زۆری حكومەت بە ناڕەوا براوە" ئەوانەش دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ساڵانەی میران محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بووە.

پەرەگراف زانیویەتی، لە ڕۆژانی داهاتووشدا چەندین بەرپرسی دیكەو خەڵكی نزیكی بەرپرسان دەدرێنە دادگاو دۆسیەیان بۆ دەكرێتەوە، بەشێك لەوانە لە ساڵانی ڕابردوودا تۆمەتباركراون‌و هەندێكیشیان دادگا داوای كردوون، بەڵام بەهۆی حزبی بوون‌و پشتیوانیی حزبەوە ڕێكاری پێویست نەگیراوەتەبەر بەرامبەریان.

ئەنجامدانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە‌و بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشم‌و بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حزب‌و حكومەت بووە‌و بەرپرسانی باڵای هەرێم لە چەندین بۆنەدا دانیان بە بوونی گەندەڵیدا ناوە لە ئاستی فراواندا‌و بەڵێنی ڕوبەڕوبوونەوەیان داوە، بەڵام بەكردار ڕێكاری پێویستیان لەوبارەیەوە نەگرتووەتەبەر.

هەندیكجاریش دۆسیەكانی گەندەڵیی لە ململانێی ناوخۆیی حزبیدا بەكارهێنراون‌و لایەك وەك كارتی فشار بەكاری هێناون دژی لایەكی دیكەی ململانێكە.

لەپاڵ ونبوونی دەرئەنجامی پڕۆژەكانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، كەسانی كەمتەرخەم یان تۆمەتبار بەگەندەڵیش دیارنین، خەڵكی هەرێم تائێستا بینەری ئەنجامی دادگاییەك دەربارەی ئەو جۆرە كەسانە نەبوون كە لەئاست قەبارەی گەندەڵییەكەدا بێت، بەتایبەت بۆ بەرپرسانی باڵا‌و دەسەڵاتدار.