كوڕی دەستگیركراوێكی بادینان پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی و باوكی بڵاو دەكاتەوە؛ "دادگا هیچی بەدەست نییە و حوكم دراوین"
پەرەگراف
ئامەد سڵێمان، كوڕی سلێمان كەمال كە یەكێكە لە دەستگیركراوانی بادینان، دەقی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان خۆی و باوكی بڵاو دەكاتەوە كە تێیدا ئەو دەستگیركراوە وتوویەتی "دادگا هیچی بەدەست نییە و زۆرینەمان پێشتر حوكم دراوین". جەختی لەوەش كردووەتەوە كە "وەكو سزادراوانی دیكە حوكمەكەمان لە دادگای پێداچوونەوەش ناگۆڕدرێ".
ئامەد سلێمان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، بە نووسین دەقی پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ سلێمان كەمالی باوكی بڵاو كردووەتەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە. هەر لە سەرەتاشەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە پاش بڵاوكردنەوەی ئەم قسانە "ڕەنگە بۆ چەند گەڕێكی تر ڕێگری بكەن لە تەلەفۆنكردنی باوكم".
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لە سلێمان كەمالەوە بووە بە "سەلام كوڕم" دەستی پێ كردووە، ئامەدیش لە وڵامدا وتوویەتی "سەلامت لێ بێ باوكە، بیرمان كردووی".
هەر لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە، ئامەد بە باوكی وتووە "باوكە جەستەتان زۆر لاواز بووە و شەكەت و ماندوو دیارن"، سلێمان كەمال لە وەڵامدا وتوویەتی "نا كوڕی خۆم، ئێمە پارێز دەكەین كوا لاواز بووینە؟! هەموومان دەمانویست كێش دابەزێنین، بەڵام لاوازیان كردین بێ ئەوەی خۆمان بیكەین".
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئامەد هەواڵی (گۆهدار) و (هاریوان)ی لە باوكی پرسیوە كە دوو لە سزادراوانی بادینان، باوكی لە وەڵامدا وتوویەتی "ئەوانیش لە تەنیشتمانن، بڵێم چۆنن؟ نازانم كەسمان چۆنین. ئیدی ئیدارە دەكەین، وا ساغ ماوین".
هەروەها سلێمان كەمال ئاماژەی بەوە كردووە كە "جێمان باش نییە و چارەنووسمان خراپە"، لە وەڵامدا ئامەد پرسیویەتی "بۆ باوكە، ئەی ئەوە نییە دەتانهێننە دادگا و حاكم هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە؟".
"كوڕم خۆ هیچ شتێك بە دەست دادگا نییە. ئێمە حوكم دراوین و بە قەستی دەمان هێننە دادگا. دادگا هیچ شتێك ناگوڕێت، حوكمەكەیان داوە"، ئەمە وەڵامی سلێمان كەمالە سەبارەت بە چارەنووسیان.
سلێمان كەمال جەختی لەوە كردووەتەوە كە "زۆرینەمان حوكم دراوین".
سلێمان كەمال كە یەكێكە لەو زیندانیكراوانەی ھێشتا پڕۆسەی دادگاییکردنیان کۆتایی نەھاتووەو دۆسیەکەی بڕیاری لێ نەدراوە، ئەو هەبوونی پارێزەری ڕەت كردووەتەوە، بەڵام لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا كوڕەكەی داوای لێ كردووە هەبوونی پارێزەر قبووڵ بكات و وتوویەتی "باوكە تو گیانی ئاڤێستا با پارێزەرت بۆ بنێرم و وەكالە ی بدێ، هەر پارێزەرێك كە خۆت پێت باشە".
بەڵام بەپێی گێڕانەوەی كوڕەكەی، سلێمان كەمال لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وتوویەتی "من وەكوو خۆم هەموو ئەم پڕۆسەی بەناو دادگا و بەڕێوەچوونی دادگاییە ڕەفز دەكەم، بۆیە پارێزەم نەویستوە، چونكە هیچ بڕیارێك لەوێوە نادرێ، حوكمەكە یان لێرە داوە".
سەبارەت بە هەوڵی پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگا لە ئەگەری سزادانیان، سلێمان كەمال وتوویەتی "كوڕم دڵنیا بن تەمیز هیچ لە مەوزوعەكە ناگۆڕێ، وەك برادەرانی ترمان لێ دێ، بێ ئەوەی حوكم بگۆڕدرێ".
لە كۆتاییشدا سلێمان كەمال بە كوڕەكەی وتووە كە "ئاگاتان لەخۆ بێ".
"بەدەم خەندەوە وتیشی كە لە دادگا خڕبوونەوە زۆر باش بوو، بەڵام دوایی ئێمە یان زۆر ماندوو كرد".