حزبی دیموكرات: ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیمان لە لایەن ئێرانەوە لە هەولێر تیرۆر كرا

07-08-2021 06:01

پەرەگراف

حزبی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، مووسا باباخانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبەكەیان "بە دەستی تێرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر كرا".

جزبی دیموكرات لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە كۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێگیانی لە حاڵێكدا ئاسەواری ئەشكەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێكی هۆتێلی “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزرایەوە".

لەسەر ئەو ڕووداوە، ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی 7ی ئابی 2021 لەلایەن کارگێڕیی هۆتێل (گوڵیسلێمانی) لە شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی کوشتن لەناو ئەو هوتێلە. دوای گەیشتنی تیمەکانی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان،دەرکەوت کەسی کوژراو، هاووڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتە بە ناوی (مووسا باباخانی). لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دەستی پێ کردووە و دوایتەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی حزبی دیموکرات

بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاكان، و دەزگا پێوەندیدارەكان دەگەیەنین بەداخێكی گرانەوە كاك مووسا باباخانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستان بە دەستی تێرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر كرا.

هاوڕێ مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە كۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێكدا ئاسەواری ئەشكەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێكی هۆتێلی “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزرایەوە.

كاك مووسا باباخانی، خەڵكی كرماشان، لەدایكبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتی بۆ خەبات و تێكۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەكی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەكانی پێشمەرگایەتی یەك لە دوای یەك ببرێ و لە كۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموكراتی كوردستان‌دا بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ.

وێڕای بەداخبوونمان لە شەهیدبوونی ئەو كادرە بەوەجەی ڕێبەریی حیزبی دێموكرات و هاوخەمیمان لەگەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی، زانیاریی زیاتر لە بارەی ڕووداوەكە، هەر وەها وردەكاریی ژیان و تێكۆشانی شەهید مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەكانی داهاتوودا بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی دەگەیەنین.

حیزبی دێموكراتی كوردستان

سكرتاریا