هەندێك لە سزادراوانی بادینان لە زیندانی ئاسایش "ئەشكەنجە دراون" و "بارودۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە"

07-08-2021 03:49
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكەی بادینان

پەرەگراف

بەپێی سەرچاوەیەك لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرەگراف، دوو كەس لە سزادراوان "لێیان دراوە" و "ئەشكەنجە و ئەزیەت دراون". تیمی پارێزەران دەڵێت "مامەڵەی كارمەندانی زیندانی ئاسایشی هەولێر لەگەڵ سزادراوان دوورە لە هەموو بەها ئینسانییەكان" و داوا دەكات چیتر ئەو كەسانە بە نایاسایی لە زیندانی ئاسایش نەهێڵدرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ چاكسازییەكان.

سەرچاوەكەی پەرەگراف جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سزادراوانە وتوویانە "شوێنمان لە زیندانی ئاسایش زۆر خراپە، تووشی نەخۆشی و حەساسیەت بووین و مامەڵەیان لەگەڵمان خراپە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكە "شاهێدییەكی مەردانەیان لەسەر دەستگیركراوەكانی دیكە دا"، بۆیە دوور نییە ئەشكەنجەو زیادكردنی گوشارەكانی سەریان پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەبێت.

هەر لەوبارەیەوە، تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە بەیاننامەیەكدا كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاراستەی ڕایگشتی، سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ و فراكسیونەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق و دەستەی مافی مرۆڤیان كردووە، دەڵێن "هەر ئێستا هەواڵمان پێگەیشت كە سزادراوانی بادینان (ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت".

تیمی پارێزەران داوا دەكات ئەو لایەنانە بە پیر بانگەوازەكەیانەوە بێن و جەخت دەكاتەوە كە "بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی كارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەوپەڕی خراپیدایە و دورە لە هەموو بەها ئینسانییەكان و هیچ رەچاوی مافەكانی زیندانیانیان لەگەڵ ناكرێت".

"داواكارین بە زووترین كات بگوازرێنەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر یاخود چاكسازیی زەڕكا لە دهۆك، كە بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر ڕاگیراوێك دەبێ بگوازرێنەوە چاكسازی و وەك زیندانیانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت"، تیمی پارێزەران وا دەڵێن.

لە بەیاننامەی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادیناندا هاتووە "ئەوانە مرۆڤن و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەن، هیچ بیانوویەك نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش و مانەوەیان لە ئاسایش نایاساییشە، پێویستە بە زووترین كات ئەو فشار و ئازاردانانە ڕابگیرێت و سزادراوان ڕادەستی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێن".

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ ‌و بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران.