هەشت ڕۆژ بەردەوامیی ئاگرەكانی توركیا؛ چەند ئاگركەوتووەتەوە و چەندی كۆنترۆڵ كراوە؟ زیانە گیانی و ماددییەكان چەندن؟
پەرەگراف
لە ئەنجامی ئەو ئاگرانەی لە ماوەی هەشت ڕۆژدا لە توركیا كەوتوونەتەوە، حەوت كەس گیانیان لەدەست داوە و زیانی "گەورە و مامناوەند و بچووك" بەر سەدان باڵەخانە و یەكەی نیشتەجێبوون كەوتووە. لە كۆی "174" ئاگركەوتنەوە "160"یان كۆنترۆڵ كراون و "14"یان بەردەوامن.
بەپێی ئامارێك كە میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، جگە لە گیانلەدەستدانی حەوت كەس بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانەوە، 279 كەسی دیكەش بریندار بوون و گەیەندراونەتەوە نەخۆشخانەكان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دارستانەكانی توركیا لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت "لە ٢٨ی تەمووزەوە تاكوو 4ی ئاب، لە ٣٩ پارێزگادا ١٧٤ ئاگر لە دارستانەكان كەوتووەتەوە. لەو ئاگرانە 160 یان كۆنترۆڵ كراون و كارەكانی كوژاندنەوەی ١٤ ئاگری دیكەش لە شەش پارێزگا بەردەوامە".
"لە ئێستادا لە ڕێگەی ١٦ فڕۆكە، نۆ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، 51 ھێلیكۆپتەر، ٨٥٠ ئۆتۆمبیلی ئاوپڕژێن و تانكەری ئاو، ١٥٠ شۆفڵ و بلدۆزەر و نزیكەی پێنج ھەزار و ٢٥٠ كارمەندەوە، ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاگرانە دەدەین كە بەردەوامن"، بەڕێوەبەرایەتی دارستانەكانی توركیا وا دەڵێت.
لە شارۆچكەی (مارماریس)ی سەر بە پارێزگای موغڵای توركیا كە یەكێكە لەو ناوچانەی ئاگری گەورە لە دارستانەكانی كەوتووەتەوە، هەریەك لە وەزیری كشتوكاڵ و دارستانەكان و وەزیری ناوخۆی توركیا، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە ئاگركەوتنەوەكان ئەنجام دا.
بەكر پاكدەمیرلی، وەزیری كشتوكاڵ و دارستانەكانی توركیا، وتی "لە پێنج پارێزگا و ١٨ شارۆچكە و ٧٨ گوند، دوو هەزار و ٢١٩ جووتیارمان زیانیان بەركەوتووە. هەر كە كارەكان تەواوبوون، قەرەبوو دەكرێنەوە".
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی توركیا، سەبارەت بە كارەكانی دەستنیشانكردنی زیانەكان، وتی "تا ئێستا زیانی قورس، مامناوەند و بچووكی ٥٤٣ باڵەخانە، ٧٨٤ یەكەی نیشتەجێبوون، ١١٤ تەویلەی ئاژەڵ، ٦٤ شوێنی كار و پێنج فەرمانگە دەستنیشان كراوە".
لەبارەی دەربازكردنی هاووڵاتییان لەو ناوچانەی مەترسییان لەسەر بووە بە تایبەت لە پارێزگای موغڵا، سولەیمان سۆیڵو ڕایگەیاند "لە ٢٨ گەڕەك لە كۆی گشتیی سێ هەزار و ٢١٩ یەكەی نیشتەجێبوونەوە، ١٦ هەزار و ٦٠٣ كەسمان دەرباز كردووە".
وەزیری ناوخۆی توركیا جەختی لەوە كردەوە كە "بێ جیاوازیی سیاسیی و ئایدۆلۆژی، هەر لە كارمەندانی دارستانەكان تا ڕێگاوبان، لە هێزە ئەمنییەكان تا شارەوانی، هەمووان تەواوی هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ" بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكان.
پارێزگای ئەنتاڵیای توركیا كە لە دیارترین ناوچە سەرسەوز و گەشتیارییەكانی توركیایە، ئاگەر لە چەندین ناوچە كەوتووەتەوە و زیان بەر كەرتی گەشتیاریی پارێزگاكە كەتووە.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، دەڵێت "تەنیا لە ئەنتاڵیا لە ١٩ خاڵدا ئاگر كەوتووەتەوە، ١٤یان كۆنترۆڵ كراون".
"لە ئەنتاڵیا شەش هەزار و ٥٢٤ كارمەند، هەشت فڕۆكە، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ٣٠ ھێلیكۆپتەر، ٤٥٦ ئاوپرژێن، ٤٢٦ ئۆتۆمبێلی كار و ١٧٢ ئاگركوژێنەوە، كۆی گشتی هەزار و ٨٤١ ئامڕاز لە كاردان"، وەزیری دەرەوەی توركیا وای وت.
هەروەها چاوشئۆغڵو سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان "لە ماوەی مانگێكدا بۆ نموونە (ماناڤگات) ئاوەدان دەكەینەوە. توانیومانە ١٠ هەزار لیرە لە كۆی ٥٠ هەزار لیرە ببەخشینە ئەو هاووڵاتیانەی كە زیانیان بەركەوتووە. كارەكانی دەستنیشانكردنی زیانەكان بەردەوامە. هەوڵ دەدەین داواكارییەكانی هاووڵاتییانمان بەجێ بگەیەنین".