ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی

04-08-2021 03:10

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی ئەو حزبە كۆبووەوەو كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی تاوتوێ كرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە هیچ بڕیارێكی لەبارەی كێشەكان تێدا نەدراوە.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە زیاتر باسكردنە لە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن‌و بانگەشەی هاوپەیمانیی كوردستان كە لە نێوان یەكێتی‌و گۆڕان پێكهاتووە.

لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی، ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە دەڵێت، گفتوگۆیان كردووە لەبارەی "چارەسەری بەپەلەو یەكێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەكان و دیاریكردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و هێمنی هەرێمی كوردستان بەشاری سلێمانیشەوە".

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

ئەمڕۆ 4ی 8ی 2021 بەسەرپەرشتی هاوسەرۆك هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێكی بواری حزبی و هەڵبژاردنەكان تاووتوێكران.

كۆبوونەوە وێڕای گفتوگۆی لەسەر چارەسەری بەپەلەو یەكێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەكان و دیاریكردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و هێمنی هەرێمی كوردستان بەشاری سلێمانیشەوە، تەئكید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەكتەب و دەزگاكانی یەكێتیی كرایەوە بەرەو هەڵمەتێكی پڕ جۆش و خرۆشی پێكەوەیی و دیموكراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

مەكتەبی سیاسی گشت مەكتەب و مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی یەكێتیی راسپارد كە هاوشانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەرو بازنەكانی هەڵبژاردن بن، كە ئەركی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان لە هەموو بازنەكانی هەڵبژاردندا، چونكە سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستان ئاسۆیەكی روون و نوێ لەبەردەم گەلی كوردستان دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراتی و لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە كە هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام.